داخستنی دەروازەکان لەلایەن عێراق و پاکستانەوە بازرگانیی ئێران ئیفلیج دەکات

KNN : Kurdish News Network
09:36 - 24/10/2026
عێراق
+
-

بەهۆی داخستنی دەروازە سنوورییە ستراتیژییەکانی لەگەڵ عێراق و پاکستان، ئێران ڕووبەڕووی گەمارۆیەکی توندی بازرگانیی وشکانی بووەتەوە. ئەم هەنگاوە کە هاوکاتە لەگەڵ سزاکانی ئەمەریکا، جووڵەی بازرگانیی تارانی ئیفلیج کردووە و قەیرانێکی سەختی ئابووریی بۆ هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە دروستکردووە.

 

ڕۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ) بڵاویکردەوە، عێراق دەروازەی (شیب) و پاکستان دەروازەکانی (گابد و تەفتان)یان بەڕووی ئێراندا داخستووە. هاوکات وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکاش لە هەوڵی بڕینی تەواوەتیی ڕێڕەوە وشکانییەکانی ئێرانە لەگەڵ پاکستان و تورکیا، بۆ ناچارکردنی تاران بە مەبەستی پێدانی سازش لە دۆسیە ئەتۆمییەکەی.

 

داخستنی ئەو دەروازانە قەرەباڵغییەکی بێپێشینەی دروستکردووە؛ زیاتر لە 17 هەزار بارهەڵگر لەسەر سنوورەکانی تورکیا، ئەفغانستان و ئازەربایجان گیریان خواردووە و ماوەی چاوەڕوانی گەیشتووەتە 20 ڕۆژ. بەهۆیەوە هەزاران تۆن بەرهەمی کشتوکاڵی خراپ بوون و زیاتر لە چوار هەزار تۆن غازی شل لەسەر سنووری پاکستان ماوەتەوە.

 

گەمارۆ دەریاییەکان و سزاکانی سەر کەرتی بانکی، هەناردەی نەوتی ئێرانیان ڕاگرتووە و بەهای تمەنیان گەیاندووەتە نزمترین ئاست، کە یەک دۆلار بەرامبەر دوو ملیۆن و 740 هەزار تمەن مامەڵەی پێوەدەکرێت. بەپێی ئامارەکان، خێزانە ئێرانییەکان 90٪ـی توانای کڕینیان لەدەستداوە و نرخی خۆراک لە ناوخۆی وڵاتەکەدا 128٪ بەرزبووەتەوە.

62 جار خوێندراوەتەوە