سوپای پاسداران: ناوچەکە بۆ ئێران نائارام بێت، هیچ ئاسایشێک لە ناوچەکەدا بوونی نامێنێت

KNN : Kurdish News Network
03:27 - 19/10/2026
جیهان
+
-

سوپای پاسدارانی ئێران هۆشداری دەدات کە لە ئەگەری هەڵگیرسانەوەی جەنگدا وەڵامێکی زۆر توندتریان دەبێت، بەجۆرێک ئەمریکا ڕووبەڕووی کێشەی زۆر گەورە دەبێتەوە و جیهانیش دەکەوێتە ناو قەیرانێکی جدیی وزەوە.

 

حسێن موحیبی، وتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ئەگەری ڕوودانی جەنگ پشتگوێ ناخات و لە ئەگەری پەرەسەندن و توندبوونەوەی دووبارەی جەنگدا، چەندین سوپرایز و پێشهاتی چاوەڕواننەکراو خۆیان دەردەخەن.

 

سەبارەت بە جۆری ئەو چەکانەی لە ڕووبەڕووبوونەوەکاندا بەکاریدەهێنن، وتەبێژی سوپای پاسداران جەختی کردەوە، هەرگیز ئەو چەکەی کە دەبێت لە دۆخی زۆر تایبەتتردا بەکاربهێنرێت، لە دۆخێکی کەمتر تایبەتدا بەکاریناهێنن.

 

لەبارەی چارەنووسی سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشەوە، موحیبی هۆشداریی دا و وتی: "ئەگەر ناوچەکە بۆ ئێران نائارام بێت، چیتر هیچ ئاسایشێک لە ناوچەکەدا بوونی نامێنێت."

124 جار خوێندراوەتەوە