هێمن هەورامی: ئامانج لە رەشنووسی بودجەی 2027 سزادانی هەرێمی کوردستانە

KNN : Kurdish News Network
11:51 - 24/10/2026
کوردستان
+
-

هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، ڕەشنووسی بودجەی ساڵی 2027ـی عێراق خراپترین ڕەشنووسە لە مێژووی بودجەکانی عێراقدا و ئامانج لێی سزادانی پێشوەختەی هەرێمی کوردستانە.

 

هێمن هەورامی، لە میانی بەشداریکردنی لە "چوارەمین دیداری گوڵەخانە" ڕایگەیاند، ئەو ڕەشنووسەی بۆ بودجەی ساڵی 2027 ئامادە کراوە، خراپترینە لە مێژووی عێراقدا. ئاماژەی بەوەش کرد، تیمی دانوستانکاری هەرێم گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە بابەتەکە بۆ گفتوگۆ نییە، بەڵکو سزایەکی پێشوەختە و ئامادەکراوە بۆ هەرێمی کوردستان. هاوکات جەختی کردەوە کە هەوڵەکانی ئێستای بەغدا بۆ هەمواری دەستوور، ڕاستەوخۆ فیدراڵییەتی هەرێم دەکەنە ئامانج.

 

لەبارەی دۆخی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی حکومەتەوە، ئەو بەرپرسەی پارتی پێی وایە دەبێت ڕێز لە ئەنجامی هەڵبژاردن بگیرێت و دامەزراوەکان کارا بکرێنەوە. دەشڵێت، ئەگەر یەکێتی و پارتی ڕێک نەکەون، دەتوانن ڕێککەوتنێکی 10 ساڵە بکەن و بە وڵاتان بڵێن داوای هەڵبژاردن مەکەن، تا هەرێم ئەو قۆناغە ڕاگوزەرە تێدەپەڕێنێت.

 

هەورامی جەختی لە پێویستیی دروستکردنی هاوپەیمانییەکی کوردستانی لە بەغدا کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی هەمواری دەستوور و بودجە. ئاشکراشی کرد کە بەرپرسە باڵاکانی عێراق ئێستا باس لە نەمانی ماددەی 140 دەکەن، بۆیە کاتی خۆی پارتی لەگەڵ ئەوەدا بووە کورد بە یەک لیست لە ناوچە جێناکۆکەکان بەشداریی هەڵبژاردن بکات.

149 جار خوێندراوەتەوە