سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لە مەترسیی گۆشەگیری و گەمارۆی نێودەوڵەتی ڕزگار کردووە، و جەختی لەوە کردەوە کە تاوەکو حوزەیرانی 2027 هیچ چەکێک لە دەرەوەی دەوڵەتدا بوونی نابێت. هاوکات نەخشەڕێگای حکومەتی بۆ کەمکردنەوەی نرخی دۆلار، زیاتربوونی شحنی نەقدی و دەستپێکردنی دابەشکردنی ملیۆنێک پارچە زەوی خستەڕوو
لەبارەی دۆسیەی چەکەوە، سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوە کرد کە پرۆسەکە لەگەڵ سێ فڕاکسیۆن تەواو بووە و لەگەڵ چواری دیکەشدا گفتوگۆ بەردەوامە، و حەسارکردنی چەک بە دەستی دەوڵەتەوە بڕیارێکی کۆتایی و نەگۆڕە. هەروەها دووپاتی کردەوە کە عێراق بە هیچ شێوەیەک بەشداری لە جەنگدا ناکات، دەرگای داخستنی سنووری لەگەڵ ئێران ڕەتکردەوە و جەختی لە پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و سعودیە کردەوە
سەبارەت بە دۆخی دراو و نرخی ئاڵوگۆڕ، سەرۆک وەزیران ڕایگەیاند کە کار بۆ هێنانەوەی نرخی دۆلار دەکەن بۆ ١٥٥ هەزار دینار یان کەمتر، و ئامانج ئەوەیە مانگانە بڕی پارەی نەقدی زیاتر دابین بکرێت. ئاماژەی بەوەش کرد کە دابەزاندنی پێشووی نرخی دینار لە بەرژەوەندیی هاووڵاتی نەبووە و قازانجەکەی بۆ مەزەندەکاران ڕۆیشتووە، لە کاتێکدا بەرزیی ئێستای نرخ یارمەتیی کەرتی کشتوکاڵی و پیشەسازی دەدات
لە تەوەرێکی دیکەدا، سەرۆک وەزیران باسی لە پرۆژەی نیشتەجێبوون کرد و ڕایگەیاند کە لە کۆتایی ساڵی داهاتووەوە پرۆسەی دابەشکردنی ملیۆنێک پارچە زەوی خزمەتگوزار بەسەر ئەو خێزانانەی کە هیچ موڵکێکیان نییە دەست پێ دەکات، کە خانووبەرە بۆ نزیکەی شەش ملیۆن هاووڵاتی دابین دەکات و شارە نوێیەکان لە ڕێگەی صندوقی نەوەکانەوە پەرەیان پێ دەدرێت.
108 جار خوێندراوەتەوە