پاکستان هەوڵە
دیپلۆماسییەکانی بۆ نێوەندگیری لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران
چڕدەکاتەوە، بە ئامانجی ڕێگریکردن لە پێکدادانی سەربازی و پاراستنی سەقامگیریی
ئەمنی و ئابووری لە ناوچەی کەنداو و ڕۆژئاوای ئاسیا.
ئیسحاق دار،
جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی پاکستان، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی
سەرۆکوەزیرانی وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی هاریکاریی شانگەهای لە شاری دوشەنبەی
پایتەختی تاجیکستان ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بەردەوامە لە ئاسانکاری بۆ دروستکردنی
پەیوەندی لەنێوان لایەنە ناکۆکەکاندا. جەختی لەوەش کردەوە کە گفتوگۆ و دیپلۆماسی
باشترین ڕێگەن بۆ کۆنترۆڵکردنی گرژییە هەرێمییەکان و گەیشتن بە چارەسەری
ئاشتییانەی بەردەوام.
ئەم هەنگاوەی
ئیسلامئاباد هاوکاتە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتەکان لەبارەی سەردانی فیلد مارشاڵ
عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان بۆ تاران. ئامانج لەم جووڵە دیپلۆماسییە هەرێمی
و نێودەوڵەتییانە، زیندووکردنەوەی ڕێڕەوی دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران،
نزیککردنەوەی دیدگاکان و دوورخستنەوەی مەترسیی هەڵگیرسانی گرژیی سەربازییە لە
ناوچەکەدا.
لە بەشێکی
دیکەی وتارەکەیدا، وەزیری دەرەوەی پاکستان داوای کرد هاریکارییە هەرێمییەکان لە
چوارچێوەی ڕێکخراوی شانگەهای بەهێزتر بکرێن و میکانیزمی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بە
دراوی ناوخۆیی پەرەی پێبدرێت. هەروەها جەختی لە گرنگیی پاراستنی ئاسایشی وزە و
مسۆگەرکردنی جووڵەی بەردەوامی ڕێڕەوە بازرگانییەکان کردەوە و ئاشکرای کرد،
وڵاتەکەی خوازیارە لە مانگی ئابی 2027دا میوانداریی لووتکەی سەرۆکی وڵاتانی ئەندام
لە ڕێکخراوی شانگەهای لە ئیسلامئاباد بکات.
146 جار خوێندراوەتەوە