دەستەی حەشدی
شەعبی، ئەمڕۆ سێشەممە، دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیی لە بیابانەکانی نەجەف و
کەربەلا ڕاگەیاند بەمەبەستی پاراستنی ناوچە بیابانییەکان، ئەوەش دوای بڵاوبوونەوەی
دەنگۆی بوونی بنکەیەکی سەربازیی ئیسرائیلی دێت کە گوایە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران
بەکارهێنراوە.
سەجاد ئەسەدی،
سەرۆکی ئەرکانی ئۆپەراسیۆنەکانی فوراتی ناوەڕاست لە دەستەی حەشدی شەعبی، لە
بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، هێزە ئەمنییەکان لە بازگەی (فاج)ـەوە بەرەو قووڵایی
بیابانی نەجەف لە چەند میحوەرێکەوە پێشڕەوییان دەستپێکردووە. ئاماژەی بەوەشکرد،
ئۆپەراسیۆنەکە کێوماڵێکی ئەمنی بە درێژایی (120) کیلۆمەتر لەخۆدەگرێت بە بەشداریی
مەفرەزەکانی تەقەمەنی، هەواڵگری و تیمە پشتیوانەکان، کە پرۆسەی گەڕان و
پشکنینەکانیش لە کارگەی چیمەنتۆکەوە بەرەو قەزای نوخەیب و تا دەگاتە دەروازەی
سنووریی عەرعەر درێژەی دەبێت.
لەلایەکی
دیکەوە، عەلی حەمدانی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی فوراتی ناوەڕاست لە حەشدی شەعبی،
دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی (سەپاندنی سەروەری) لە بیابانەکانی نەجەف و کەربەلا لە
چوار میحوەرەوە ڕاگەیاند، بەمەبەستی پاراستنی ڕێگای نێوان کەربەلا و ناوچەی
نوخەیب. حەمدانی ڕوونیکردەوە کە ئۆپەراسیۆنەکە بە ڕێنمایی فەرماندەی گشتیی هێزە
چەکدارەکان و بە سەرپەرشتی عەبدولئەمیر یارەڵڵا، سوپاسالاری سوپا بەڕێوەدەچێت.
ئەوەش
لەکاتێکدایە، دوێنێ دووشەممە، شاکر ئەبو توراب تەمیمی، پەرلەمانتار لە فراکسیۆنی
بەدر جەختی لەوە کردەوە کە هێشتا سەربازگەی (ئەمریکی - ئیسرائیلی) لە ڕۆژئاوای
عێراق بوونی هەیە و ڕێگە بە هێزە عێراقییەکان نادرێت لێی نزیک ببنەوە. لە
بەرامبەردا فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان ڕەتیکردەوە هیچ هێزێک یان
کەرەستەیەکی سەربازییان لە بیابانەکانی کەربەلا و نەجەف دۆزیبێتەوە، ئەوەش لە
میانی ئەو کێوماڵە فراوانەی دوای ڕووداوەکەی 5ـی ئازاری 2026 ئەنجامدرا، کە تێیدا
بەهۆی پێکدادان لەگەڵ چەند مەفرەزەیەکی نەناسراو، کارمەندێکی ئەمنی گیانی لەدەستدا
و دووانی دیکەش بریندار بوون.
ئەم پێشهاتانە
دوای ئەوە دێن کە چەند ڕاپۆرتێکی میدیای عیبری باسیان لە بوونی بنکەیەکی سەربازیی
نهێنی لە ناوخۆی عێراق کردووە کە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکارهاتووە، هاوکات
ئاماژەیان بە دەستێوەردانی ئەمریکا کردووە بۆ ڕێگریکردن لە لێکۆڵینەوەی
دەسەڵاتدارانی عێراق لەو ناوچەیە.
126 جار خوێندراوەتەوە