بڕیارە لە پێناو کردنەوەی گەرووی هورمز زیاتر
لە 30 وڵات کۆبوونەوەیەکی ئۆنلاین ساز بکەن و هەوڵە سیاسی و دیپلۆماسییەکانیان بەو
ئاراستەدا بخەنەگەڕ. ئەمریکا بەشداری کۆبوونەوەکە ناکات.
کیەر ستارمەر سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا
رایگەیاند، ئەمڕۆ بە بەشداری 36 وڵات کۆبوونەوەیەکی ئۆنلاین بە مەبەستی
تاوتوێکردنی هەوڵە سیاسی و دیپلۆماسییەکان بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز بەڕێوەدەچێت.
وتیشی، کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتی ئیڤێت کوپەر
وەزیری دەرەەوەی بەریتانیا بەڕێوەدەچێت و هەموو رێوشوێنە دیپلۆماسی و سیاسییەکان
بۆ گەڕاندنەوەی ئازادی کەشتیوانی و دڵنیابوون لە سەلامەتی کەشتییە گیرخواردووەکان
و جوڵەی دەریایی تاوتوێ دەکرێت.
لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و
ئیسرائیل بۆ سەر تاران لە 28ی شوباتی ئەمساڵ، ئێران هێرشی کردە سەر ژمارەیەک
کەشتیی و هەڕەشەی
هێرشی زیاتریش دەکات گەر بێت و کەشتییەکان بە بێ هەماهەنگی بیانەوێت بە گەرووی
هورمزدا تێپەڕن و جەختیش دەکاتەوە گەرووەکە بۆ دوژمنان و هاوپەیمانانی دوژمنانی
داخراوە.
داخرانی گەرووی هورمز
و شەڕ لە کەنداو بووەتە مایەی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە زۆربەی ناوچەکانی
جیهان و لە ئەگەری بەردەوامی ئەو دۆخە پێشبینی قووڵتر بوونەوەی قەیرانەکە دەکرێت.
ئەمریکا کە لە شەڕی دژ
بە ئێران بەشدارە، ئامادەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ نابێت و وەک دوێنێ دۆناڵد ترەمپ
سەرۆکی ئەو وڵاتە رایگەیاند، کردنەوەی گەرووی هورمز ئەرکی واشنتن نییە و هەر
وڵاتێک خوازیاری کردنەوەیەتی با خۆی هەنگاوی بۆ بنێت.
219 جار خوێندراوەتەوە