وردەکاریی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی ئاشکرا کرا

KNN : Kurdish News Network
03:45 - 02/06/2026
جیهان
+
-

جێگری کاروباری کۆمەڵایەتی و کولتووریی شارەوانیی تاران ڕایدەگەیەنێت، ڕێوڕەسمی بەڕێکردنی تەرمی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سێ شاری ئەو وڵاتە بەڕێوەدەچێت و بەپێی وەسیەتەکەی خۆی، لە مەزارگەی ئیمام ڕەزا بەخاک دەسپێردرێت.

 

محەمەد ئەمین تەوەکولی زادە، جێگری کاروباری کۆمەڵایەتی و کولتووریی شارەوانیی تاران ڕایگەیاند: بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی تەرمی عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەر سێ شاری تاران، قوم و مەشهەد یەکلایی بووەتەوە.

 

بەبێ ئەوەی وادەکەی ئاشکرا بکات ئاماژەی بەوە کرد، لە پایتەخت ئامادەکاری دەکەن بۆ پێشوازیکردن لە ئامادەبوونی 15 بۆ 20 ملیۆن کەس لە ڕێوڕەسمەکەدا.

 

سەبارەت بە شوێنی بەخاکسپاردنەکەشی، ئەو بەرپرسەی شارەوانیی تاران ڕوونیکردەوە کە بەپێی وەسیەتی خۆی و ڕاسپاردەی کەسە نزیکەکانی، تەرمی خامنەیی لە مەزارگەی ئیمام ڕەزا لە شاری مەشهەد بەخاک دەسپێردرێت.

 

رۆژی 28ی شوبات عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ماڵەکەی لە تاران، لەگەڵ ژمارەیەک فەرماندەی باڵای سەربازی وڵاتیەکەی کوژرا و تائێستا بەخاکنەسپێردراوە.

825 جار خوێندراوەتەوە