سوپای
پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، لە وەڵامی هێرشێکی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکا، بە
مووشەکی بالیستی بنکەی ئاسمانیی عەلی سالم لە کوەیت و دامەزراوەکانی کەشتیگەلی
پێنجەمی هێزی دەریایی ئەمریکایان لە بەحرەین کردووەتە ئامانج و هۆشداریی داخستنی
گەرووی هورمز دەدەن.
بەپێی
ڕاگەیەندراوەکەی سوپای پاسداران، کاتژمێر 1:30 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، چوار
کەشتیی نەوتهەڵگر بەبێ گوێدانە هۆشدارییەکانی هێزی دەریایی سوپا هەوڵی
چوونەدەرەوەی نایاساییان لە گەرووی هورمز داوە. لە ئەنجامدا، یەکێک لە کەشتییەکان
کراوەتە ئامانج و ڕاگیراوە، سێ کەشتییەکەی دیکەش ناچار بە پاشەکشە کراون.
لە
ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، دوابەدوای ئەو ڕووداوە و لە کاتژمێر 2:30 خولەکی
بەرەبەیان، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکا دوو تاوەری پەیوەندییان لە دوورگەی قشم
و ناوچەی سیریک کردووەتە ئامانج. لە بەرامبەر ئەو هێرشەدا، هێزی ئاسمانیی سوپای
پاسداران بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردووەتە سەر بنکەی ئاسمانیی "عەلی
سالم" لە کوەیت و پێگە گرنگەکانی کەشتیگەلی پێنجەمی ئەمریکا لە بەحرەین.
لە کۆتایی
ڕاگەیەندراوەکەدا، سوپای پاسداران هۆشداری توند دەداتە ئەمریکا و ڕایدەگەیەنێت:
"ئەگەر ئەم کارانە دووبارە ببنەوە، بە وەڵامێکی سنووردار ناوەستین و ئێوە
بەرپرسیار دەبن لە لێکەوتەکانی داخستنی تەواوەتیی گەرووی هورمز بەڕووی
هەناردەکردنی نەوت و غازدا."
93 جار خوێندراوەتەوە