گۆڕانکاری لە خانەنشینی هێزە ئەمنییەکان دەکرێت و کەمترین مووچەیان یەک ملیۆن دینارە

KNN : Kurdish News Network
12:25 - 24/05/2026
عێراق
+
-

لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات، سەرقاڵی تاوتوێکردنی هەمواری یاسای خزمەت و خانەنشینی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆن بەمەبەستی خستنە ناو بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە، ئامانجیش لێی بەرزکردنەوەی مووچەی خانەنشینی ئەو هێزانەیە بۆ نزیکەی یەک ملیۆن دینار.

 

ئەحمەد دەلفی، ئەندامی لیژنەکە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لیژنەکەیان میوانداریی بەڕێوەبەرانی گشتیی سەرچاوە مرۆییەکان، فەرمانگەی یاسایی و فەرمانگەی خانەنشینی لە وەزارەتی ناوخۆ کردووە، بۆ تاوتوێکردنی دیارترین بڕگەکانی هەمواری یاسای خانەنشینی تایبەت بە کارمەندانی وەزارەتەکە.

 

ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیکردەوە: "دیارترین ئەو هەموارانەی پێشنیازکراون، بریتین لە خانەنشینکردنی کارمەندان لەدوای تەواوکردنی 15 ساڵ خزمەت بەبێ ڕەچاوکردنی تەمەن، سەرەڕای هەژمارکردنی دەرماڵەکانی خواردن و مەترسی لەناو مووچەی بنەڕەتیدا."

 

دەلفی ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئێستادا مووچەی بەشێک لە خانەنشینان لە 500 هەزار دینار تێپەڕ ناکات، بۆیە لیژنەکەیان کار دەکات بۆ بەرزکردنەوەی مووچەی خانەنشینییەکانیان بۆ نزیکەی یەک ملیۆن دینار. هاوکات، هەموارەکان پێدانی دەرماڵەی مەترسی بە بڕی 250 هەزار دینار بۆ گرێبەستە نوێیەکانی وەزارەتی ناوخۆ لەخۆدەگرێت، لەگەڵ بەردەوامبوونی خەرجکردنی دەرماڵەی مەترسی بۆ سەرجەم کارمەندانی وەزارەتەکە بە بڕی 485 هەزار دینار.

 

لەلایەکی دیکەوە، نایف شەمەری، ئەندامی هەمان لیژنە ڕایگەیاند: "لیژنەی ئاسایش و بەرگری بەردەوامە لە گفتوگۆکردن لەسەر بڕگەکانی یاساکە، و خواستێک هەیە بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەتمەند بۆ لێکۆڵینەوە لە وردەکارییەکانی هەموارەکە پێش خستنەڕووی بۆ دەنگدان، هاوکات پشتگیرییەکی پەرلەمانیش هەیە بۆ تێپەڕاندنی یاساکە."

2423 جار خوێندراوەتەوە