مەزهەر محەمەد ساڵح: کار بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دینار دەکرێت

KNN : Kurdish News Network
12:11 - 06/06/2026
ئابوری
+
-

مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند؛ حکومەت بە سەرۆکایەتیی عەلی فالح زەیدی، چەندین ڕێکاری بۆ پاراستنی توانای کڕینی دینار و کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان گرتووەتەبەر. ئاماژە بەوەش دەکات کە بەرزکردنەوەی بەهای دینار بە بڕیاری کارگێڕیی خێرا ناکرێت، بەڵکو پێویستی بە پرۆسەیەکی چاکسازیی درێژخایەن هەیە.

 

ڕاوێژکارەکەی سەرۆک وەزیران لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕوونیکردەوە، سیاسەتی جێگیرکردنی نرخی فەرمیی گۆڕینەوەی دراو، پشت بە ئامانجێکی بنەڕەتی دەبەستێت کە بریتییە لە پاراستنی بەهای دەرەکیی دراوی نیشتمانی و جێگیرکردنی ئاستی گشتیی نرخەکان. دەشڵێت: "جێگیریی نرخی فرۆشتنی دۆلار هۆکار بووە بۆ بەهێزکردنی متمانە بە دیناری عێراقی و پاڵپشتیکردنی توانای کڕینی هاووڵاتییان."

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، پەیوەندیی نێوان جێگیریی نرخی دراو و جێگیریی نرخی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا بە توندوتۆڵی ماوەتەوە، ئەوەش بەهۆی سنوورداریی کاریگەرییەکانی بازاڕی هاوتەریب (بازاڕی ڕەش) و کاریگەریی ئەرێنیی سیاسەتی نەختینەیی. ئەوەشی خستەڕوو کە دابینکردنی پارە بۆ هاوردەکردن لە ڕێگەی سیستمی بانکیی فەرمی و پشتبەستن بە یەدەگی بیانیی دەوڵەت، وایکردووە کاڵای هاوردەکراو بە نرخی جێگیر و کۆنترۆڵکراو بەردەست بێت.

 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، مەزهەر محەمەد ساڵح باسی لەو هۆکارانە کرد کە پەستان دەخەنە سەر بەهای دراوی نیشتمانی و وتی: "کەمبوونەوەی یەدەگی فەرمی، بڕانەوەی نەختینەیی کۆنترۆڵنەکراو و پشتبەستنی لەڕادەبەدەر بە داهاتی نەوت کە لە ئێستادا ڕووبەڕووی کۆتوبەندی جیۆپۆلەتیکی بووەتەوە لە بازاڕەکانی وزەدا، شانبەشانی گرژییە سیاسی و هەرێمییەکان، کاریگەریی نەرێنییان لەسەر لێشاوی دراوی بیانی و متمانەی ئابووری هەیە."

 

لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە کە، پاراستنی بەهای دینار ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی جێگیریی ئابووریی گشتی و توانایەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، بۆ ئەم مەبەستەش حکومەت لە ڕێگەی پاکێجێک لە ڕێکارەکانی وەک؛ زیادکردنی یەدەگی بیانی، هەمەچەشنکردنی ئابووری و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە نەوت، کۆنترۆڵکردنی بازاڕی ڕەش، چاکسازی لە سیستمی بانکی و فراوانکردنی بەکارهێنانی ئامرازەکانی پێدانی ئەلیکترۆنی، کار بۆ بەهێزکردنی بەهای دینار دەکات.

279 جار خوێندراوەتەوە