بەڕێوەبەرایەتیی
هاتووچۆی سلێمانی بڕیاری دا لە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتووەوە، کامێراکانی تۆمارکردنی
تیژڕەوی لەسەر ڕێگای کەلار بۆ کفری بە سیستمی خاڵ بۆ خاڵ بخاتە کار و سیستمی بەشێک
لە کامێراکانی ڕێگاکانی دەرەوەی شاریش گۆڕانکارییان تێدا دەکرێت بۆ سیستمی یەک خاڵ.
لە
ڕاگەیەندراوێکدا، بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی ئاماژەی بەوە کردووە کە لە
کاتژمێر 10ی سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی 10ی حوزەیرانی 2026، کامێراکانی
خاڵ بۆ خاڵ لەسەر ڕێگای نێوان کەلار و کفری بە هەردوو ئاراستەکە دەکەونە کار و
بەشێوەیەکی فەرمی سەرپێچییەکان تۆمار دەکەن. هاوکات هەر لەو کاتەدا، سیستمی
کامێرای یەکەم و کۆتایی ڕێگاکانی تاسڵوجە بۆ دووکان و چەمچەماڵ، هوانە بۆ وارماوە،
عەربەت بۆ پارێزگای هەڵەبجە و پێنجوێن، لەگەڵ کەلار بۆ کفری و پێچەوانەکانیان، لە
خاڵ بۆ خاڵەوە دەگۆڕدرێن بۆ سیستمی یەک خاڵ.
لە بەشێکی
دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە گۆڕانکارییەکە بۆ سیستمی یەک خاڵ، هەریەکە لە
کامێراکانی ناو تەکیە لەسەر ڕێگای تاسڵوجە بۆ چەمچەماڵ، ناو قەزای چەمچەماڵ بە
هەردوو ئاراستەکە، بەردەم گوندی گرێزە لەسەر ڕێگای عەربەت بۆ هەڵەبجە، لەگەڵ
کامێراکانی ناو عەربەتیش دەگرێتەوە. هاتووچۆی سلێمانی ڕوونیشیکردووەتەوە کە لە
ئێستادا هێماکانی دیاریکردنی خێرایی بۆ ئۆتۆمبێلی گەورە و بچووک لەسەر ڕێگاکانی
تاسڵوجە بۆ دووکان و چەمچەماڵ جێگیر کراون، داواش لە شۆفێران دەکات بۆ سەلامەتیی
خۆیان و بەدووربوون لە لێپرسینەوەی یاسایی، پابەندی خێراییە دیاریکراوەکان بن.
429 جار خوێندراوەتەوە