مۆنتیکارلۆ: ئەمریکا بۆ چەککردنی گروپە چەکدارەکان هاوکاری ئەمنی و دارایی پێشکەش بە بەغدا دەکات

KNN : Kurdish News Network
12:51 - 06/06/2026
عێراق
+
-

هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی دەستپێکردنی جێبەجێکردنی پلانی چەککردنی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، چەندین کۆبوونەوەی چڕ لە نێوان عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و دیپلۆماتکارانی ئەمریکی بەڕێوەچوون، کە تێیدا واشنتۆن بەڵێنی پشتیوانیی ئابووریی بۆ سەرخستنی ئەو پلانە داوە.

 

بەپێی هەواڵێکی مۆتیکارلۆ پەیامە نوێیەکەی ئەمریکا بۆ زەیدی دوو تەوەری سەرەکی لەخۆگرتووە؛ یەکەمیان بریتییە لە پێداچوونەوە و دەستپێکردنەوەی هەماهەنگییە ئەمنییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا، کە بەهۆی جەنگی ئەم دواییەی نێوان ئێران لەلایەک و ئەمریکا و ئیسرائیل لەلایەکی دیکەوە و لێکەوتەکانییەوە، پاشەکشەی بەخۆیەوە بینیبوو. تەوەری دووەمیش تایبەتە بە پێدانی بەڵێنی ئەمریکا بۆ پێشکەشکردنی پاڵپشتییەکی ئابووریی گەورە بە حکومەتەکەی زەیدی، بە ئامانجی سەرخستنی پلانی چەککردنی گروپە چەکدارەکان.

 

لە چوارچێوەی هەوڵەکانیدا، حکومەتی عێراق ڕەخساندنی 35 هەزار هەلی کاری لە دامەزراوە ئەمنی و سەربازییە فەرمییەکاندا ڕاگەیاندووە بۆ تێکەڵکردنی چەکداری گروپەکان. هاوکات هۆشداریشی داوە کە لە قۆناغی داهاتوودا ڕووبەڕووی ئەو گروپانە دەبێتەوە کە ڕەتیان کردووەتەوە بچنە ناو پلانی تێکەڵکردن و چەککردنەوە.

 

لە ڕووی کردارییەوە، هەریەک لە سوپای ڕەوتی سەدر، عەسائیب و کەتائیبی ئیمام عەلی ڕەزامەندییان لەسەر پلانی تێکەڵکردنەکە دەربڕیوە، لە بەرامبەریشدا حزبوڵڵای عێراقی، بزووتنەوەی نوجەبا و کەتائیبی سەیدولشوهەدا پلانەکەیان ڕەتکردووەتەوە. گرنگترین خاڵی پلانی تێکەڵکردنەکەش خۆی لە ڕادەستکردنی چەکی قورس و سەربازگەکانی ئەو گروپانە بە هێزە ئەمنییە فەرمییەکانی عێراق دەبینێتەوە.

406 جار خوێندراوەتەوە