شەپۆلێکی چڕ و مەترسیداری خۆڵبارین ڕوو لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات

KNN : Kurdish News Network
08:18 - 17/05/2026
کوردستان
+
-

شەپۆلێکی خۆڵبارینی چڕ ڕوو لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات و بەپێی پێشبینییەکانیش زیاتر ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەگرێتەوە، هاوکات کاریگەرییەکانی سبەی دوشەممە دەگاتە ناوچەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان


سالار حاجی عەلی، شارەزای بواری کەشناسی ڕایگەیاند؛ جۆری خۆڵبارینەکە تۆزی بیابانی وردە (Desert Dust) کە لە بیابانەکانی عەرەبستان و سووریاوە هاتووە، لەگەڵ هاتنی شەپۆلەکەشدا، پلەی گەرما لە ناوچە کاریگەرەکاندا لە نێوان 35 بۆ 38 پلەی سیلیزی دەبێت لە ناوەندی ڕۆژدا، لە ناوچە شاخاوییەکانیش لە سەرووی 15 پلەوە بۆ نزیکەی 30 پلە دەبێت


ئاماژەی بەوەش کرد، چڕیی خۆڵەکە بەپێی مۆدێلی (WRF-Chem) دەگاتە پلەی 5 و 6 پلەی 5 خۆڵبارینی زۆر بەهێزە بە چڕیی 500 بۆ 2000 میکرۆگرام لە مەتر سێجا، پلەی 6ـیش خۆڵبارینی مەترسیدارە بە چڕیی زیاتر لە 2000بۆ 10000 میکرۆگرام لە مەتر سێجا، کە بەهۆیەوە مەودای بینین بۆ کەمتر لە 100 مەتر دادەبەزێت


سالار حاجی عەلی باسی لەوەش کردووە، ئەم خۆڵبارینە کاریگەریی زۆری لەسەر تەندروستیی هاوڵاتییان دەبێت، بەتایبەت نەخۆشانی کۆئەندامی هەناسەدان وەک سییەکان، بۆیە چەند ڕێنماییەکی خۆپارێزیی بۆ هاوڵاتییان بڵاوکردووەتەوە کە پێویستە دەرگا و پەنجەرەکان دابخەن، لە دەرچوونی ناپێویست خۆیان بپارێزن، ماسک و چاویلکەی پارێزەر بەکاربهێنن، هاوکات شۆفێرانیش خێرایی کەمبکەنەوە و ئاگاداری کەمیی مەودای بینین بن.

3164 جار خوێندراوەتەوە