موحسین ڕەزایی،
فەرماندەی پێشووی سوپای پاسدارانی ئێران، ڕایگەیاند کە هەر ڕێککەوتنێکی
چاوەڕوانکراو لە نێوان تاران و واشنتۆن، بەندە بە ڕەزامەندیی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ
بۆ ئازادکردنی 24 ملیار دۆلار لە سەروەت و سامانە سڕکراوەکانی ئێران.
ڕەزایی لە
چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە
ترەمپ بە سەربەخۆیی و دوور لە کاریگەرییەکانی ئیسرائیل بڕیار بدات، هەروەها مافی
گەلی ئێران بدات و کۆتایی بە گەمارۆکان بهێنێت. جەختی لەوەش کردەوە کە ئازادکردنی
پارە سڕکراوەکان، دەتوانێت ئاسۆیێکی نوێ بۆ داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و
ئەمریکا بکاتەوە.
لە بەشێکی تری
لێدوانەکانیدا، فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران داوای لە سەرۆکی ئەمریکا کرد
بەرژەوەندییە کەسییەکان وەلا بنێت و بیر لە بەرژەوەندییەکانی گەلی ئەمریکا
بکاتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە دانوستانەکان گەیشتوونەتە بنبەست و دەبێت ترەمپ ئەو
بنبەستە بشکێنێت، چونکە ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەودایە.
سەبارەت بە دەنگۆی ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی
چاوەڕوانکراو لە نێوان موجتەبا خامنەیی و دۆناڵد ترەمپ، ڕەزایی ئەو ئەگەرەی
بەتەواوی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند کە شتێکی لەو شێوەیە ڕوونادات، چونکە هێشتا لە
قۆناغی یەکەمی دانوستانەکانن و ئەوە ترەمپە پرۆسەکەی گەیاندووەتە بنبەست.
سەبارەت بە ئەگەرەکانی
ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی، موحسین ڕەزایی هۆشدارییەکی توندی دا و ڕایگەیاند ئەگەر
دانوستانەکان شکستیان هێنا و جەنگ بەردەوام بوو، یانیش گەمارۆی دەریایی هەڵنەگیرا،
ئەوا شەڕەکە بۆ زەریای هیندی، گەرووی بابولمەندەب، دەریای سوور و دەریای ناوەڕاست
دەگوازنەوە و بە ئامانجگرتنی بنکە ئەمریکییەکانی دیکە ڕەهەندێکی نوێ بە جەنگەکە
دەدەن.
لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە کە ئێران بۆ هەر
هێرشێکی چاوەڕوانکراوی ئەمریکا بۆ سەر خاکەکەی ئامادەیە و لەو کاتەدا جیهان توانای
ڕاستەقینەی ئێران دەبینێت، چونکە هێزی زەمینیی وڵاتەکەیان چەندین هێندەی توانای
مووشەکییان گەورەترە.
84 جار خوێندراوەتەوە