هاوینی ئەمساڵ کورت و فێنک دەبێت و لە ناوەڕاستی وەرزەکەدا باران دەبارێت

KNN : Kurdish News Network
10:57 - 06/06/2026
کوردستان
+
-

شارەزایەکی کەشناسی پێشبینی دەکات وەرزی هاوین و گەرمای ئەمساڵ کورتخایەن بێت و لە مانگەکانی حەوت و هەشتدا ئەگەری بارانبارین لە ناوچە شاخاوییەکان هەیە.

 

پشتیوان پێنجوێنی، شارەزای کەشناسی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، لە هەردوو مانگی حەوت و هەشتدا، بەتایبەتی لە مانگی هەشت، ئەگەرێکی بەهێز هەیە لە بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکان و چەند ناوچەیەکی جیاجیا باران ببارێت.

 

هەروەها وەک بەرچاوڕوونییەک بۆ جوتیارانی قەزای پێنجوێن و دەوروبەری، ئاماژەی بەوە کردووە کە لە دە ڕۆژی کۆتایی مانگی نۆدا ناسەقامگیریی کەشوهەوا دروست دەبێت و وەرزی نوێی دابارینی ساڵی 2026 بۆ 2027 دەست پێدەکات.

 

لە بەشێکی دیکەی پێشبینییەکانیدا، ئەو شارەزایەی کەشناسی ڕوونیکردووەتەوە، ئەگەر لە کۆتاییەکانی مانگی نۆدا باران نەبارێت، ئەوا بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە پێنج ڕۆژی سەرەتای مانگی دەدا یەکەمین باران دەبارێت.

 

جەختی لەوەش کردووەتەوە کە بەگشتی وەرزی هاوینی ئەمساڵ کورتخایەن دەبێت و، شەپۆلەکانی فێنکی و سەرما لەگەڵ بارانبارین زووتر ڕوو لە ناوچەکان دەکەن.

492 جار خوێندراوەتەوە