پاکستان پێدانی زانیاری نهێنی بە ئەمریکا لەسەر ئێران ڕەتدەکاتەوە

KNN : Kurdish News Network
01:18 - 04/06/2026
جیهان
+
-

وەزارەتی دەرەوەی پاکستان بە توندی ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکاتەوە کە گوایە ئیسلام ئاباد زانیاریی لەسەر ئێران دابێتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هاوکات سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکات کە کرانە سەر کوێت و بەحرەین و داوای دانبەخۆداگرتن دەکات.

 

تاهیر ئەندەرابی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی هەفتانەی خۆیدا ڕایگەیاند، ئەو ڕاپۆرتانەی باس لە پێدانی زانیاریی نهێنی بە واشنتن دەکەن لە میانی سەردانی ئەم دواییەی وەزیری دەرەوەی پاکستان بۆ ئەمریکا، بەتەواوی دوورن لە ڕاستییەوە.

 

ناوبراو هۆشداریدا لە هەوڵە نەرێنییەکان بۆ تێکدانی دیپلۆماسیی ئاشتی و وتی: "ئەم ڕاپۆرتانە لە بنەڕەتدا درۆن و گومانی ناپێویستن، پێشمان وایە بەشێکن لەو هەوڵە نەرێنییانەی کە دەیانەوێت کاریگەری لەسەر ڕەوتی دیپلۆماسیی ئێستا دروست بکەن".

 

لە وەڵامی پرسیارێکیشدا سەبارەت بە چارەنووسی دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتن، ئەندەرابی جەختی لەوە کردەوە کە پرۆسەی گفتوگۆکان هێشتا بەردەوامە.

 

 سەبارەت بە گرژییەکانی ئەمدواییەی ناوچەکەش وتی، داوای زۆرترین ئاستی دانبەخۆداگرتنی دەکەین، دوای ئەو هێرشە "سەرکۆنەکراوانەی" کە کرانە سەر هەردوو وڵاتی کوێت و بەحرەین.

87 جار خوێندراوەتەوە