لیژنەی دارایی
لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، پەسەندکردنی بودجەی ساڵی 2026 بەدوور دەزانرێت
لە سایەی بەردەوامیی کارکردن بۆ تەواوکردنی بەرنامەی حکومەت و کابینەی وەزاری،
هاوکات جەختیش دەکاتەوە کە ئەولەوییەتی ئێستا تەنها دابینکردنی مووچە و
چارەسەرکردنی ئەو ئاڵەنگارییە ئابوورییانەیە کە ڕووبەڕووی حکومەت دەبنەوە.
ڕێبوار کەریم،
ئەندامی لیژنەی دارایی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "بە ئەگەری
زۆرەوە ئەمساڵ بودجە نابێت و کار بۆ ئامادەکردنی بودجەی ساڵی 2027 دەکرێت."
جەختیشی لەوە کردەوە کە پرسی دابینکردنی مووچە هیچ زیانێکی بەرناکەوێت، چونکە
حکومەت توانایەکی زۆر گەورەی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کورتهێنان لە ڕێگەی قەرزی
ناوخۆیی و دەرەکی، یان پەنابردنە بەر بانکی ناوەندی.
ناوبراو
ئاماژەی بەوەش کرد، هەمووان کۆکن لەسەر پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی حکومەت لە دۆسیەی
دابینکردنی مووچەدا تاوەکو دەگەنە بودجەی داهاتوو. ڕوونیشیکردەوە کە لە بودجەی
داهاتوودا دۆخەکە ڕوونتر دەبێت سەبارەت بە کاریگەرییەکانی گەرووی هورمز، نرخی نەوت
و زیادکردنی داهاتەکان، بەتایبەتی دوای جێبەجێکردنی یاسای پێناسەی گومرگی و
سیستەمی ئەسیکۆدا، کە هەمەچەشنییەکی زیاتر لە سەرچاوەکانی داهاتدا دەڕەخسێنێت.
سەبارەت بە
هۆکاری نەبوونی بودجە تا ناوەڕاستی ساڵی دارایی، ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی
ڕوونیکردەوە کە بابەتەکە ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە بەرنامەی حکومەتەوە هەیە،
بەتایبەتی کە هێشتا لە قۆناغی تەواوکردنی پێکهاتەکەیدایە و پەرلەمانیش متمانە و
دەسەڵاتی پێویستی بە سەرۆک وەزیران بەخشیوە. ئاشکراشی کرد کە تاوەکو ئێستا هیچ
ئاراستەیەک بۆ دەرکردنی یاسایەکی جێگرەوەی هاوشێوەی (یاسای ئاسایشی خۆراک)
نەخراوەتەڕوو، و بابەتەکەش پەیوەستە بە داواکاریی حکومەت و دیدگای سەرۆک وەزیران
بۆ قۆناغی داهاتوو.
634 جار خوێندراوەتەوە