ئاراس جەبار،
شارەزای بواری کەشناسی ڕایگەیاند، سبەی یەکشەممە بەهۆی کاریگەریی بارستەهەوایەکی
ساردی لاواز لە چینەکانی سەرەوەی بەرگەهەوادا، شەپۆلێکی ناجێگیریی کەشوهەوا بەشێک
لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، کە لەگەڵیدا نمەباران دەبارێت و پلەکانی
گەرماش نزم دەبنەوە.
بەپێی
پێشبینییەکانی ئەو شارەزایەی کەشناسی، لە کاتەکانی دوانیوەڕۆی سبەی (7ی حوزەیرانی 2026)
تاوەکو شەو، کەڵەکەهەوری بنکەبەرز پەیدا دەبن و هەورەبروسکە چالاک دەبێت. سەرەتا
گۆڕانکارییەکان لە سەنتەری پارێزگای هەولێر دەردەکەون و دواتر ناوچەکانی سنووری
پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین دەگرێتەوە.
لەبارەی ڕێژەی
دابارینەوە، ئاماژەی بەوە کردووە کە بڕی بارانەکە کەم دەبێت و لە نێوان 0.1 تا 0.5
ملیمەتر دەبێت و سەرجەم ناوچەکان ناگرێتەوە. هاوکات، خێرایی با لەسەرخۆ بۆ
مامناوەند دەبێت (10 بۆ 25 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا) و ئاراستەکەشی بەرەو باکوور و
باکووری ڕۆژهەڵات دەبێت.
لە بەشێکی
دیکەی زانیارییەکاندا هۆشداری دراوە لە ئەگەری چالاکبوونی هەورەبروسکەی وشک، کە
بەهۆیەوە مەترسیی کەوتنەوەی ئاگر لە هەندێک شوێندا، بەتایبەتی لە ناوچە
شاخاوییەکان دروست دەبێت. سەبارەت بە پلەکانی گەرماش، پێشبینی دەکرێت بەراورد بە
ئەمڕۆ، پلەکانی گەرما بە ڕێژەی دوو پلەی سیلیزی نزم ببنەوە.
1374 جار خوێندراوەتەوە