پەرلەمانی سوید
بە کۆی دەنگ یاسایەکی نوێی پەسەند کرد بۆ قەدەغەکردنی تەواوەتیی هاوسەرگیریی نێوان
خزمە نزیکەکانی پلە یەک، کە بڕیارە لە 1ی تەممووزی 2026ەوە بچێتە بواری
جێبەجێکردنەوە و ئامانج لێی کەمکردنەوەی مەترسییە تەندروستییە بۆماوەییەکان و
بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژییە خێزانییەکانە.
بەپێی ڕاپۆرتی
میدیاکانی سوید، یاساکە تەنها ناوخۆی وڵات ناگرێتەوە، بەڵکو حکومەت چیتر دان بەو
هاوسەرگیرییە خێزانییانەشدا نانێت کە لە دەرەوەی وڵات ئەنجام دەدرێن.
لە هەمان کاتدا، بڕیارەکە ڕێگریی تەواو دەکات لە
هاوسەرگیریی نێوان زڕخوشک و زڕبرا، هەروەها ئەو کەسانەی لە ڕێگەی هەڵگرتنەوە و
سەرپەرشتیکردنی یاساییەوە بوونەتە ئەندامی یەک خێزان.
لیژنەی یاسایی
پەرلەمانی سوید ڕوونیکردووەتەوە کە پاڵنەری سەرەکیی ئەم بڕیارە پاراستنی مافی
تاکەکەس و ڕێگریکردنە لە هاوسەرگیریی زۆرەملێ و ئەو پێشێلکارییانەی بەناوی
شەرەفەوە دەکرێن، کە بەزۆری لەناو هەندێک پێکهاتەی کۆچبەردا ژنان ڕووبەڕووی
دەبنەوە.
بەمەش سوید
دوای نەرویج دەبێتە دووەم وڵاتی سکاندیناڤیا کە هاوسەرگیریی خزمایەتی قەدەغە بکات،
بەڵام بڕیارەکە ئەو هاوسەرگیرییانە ناگرێتەوە کە پێش ڕێکەوتی جێبەجێکردنی یاساکە
ئەنجامدراون و ئەوانە وەک خۆیان بە فەرمی دەمێننەوە.
744 جار خوێندراوەتەوە