شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغداد، گفتوگۆکانی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی چڕدەکاتەوە بۆ یەکلاکردنەوەی پرسی جێبەجێکردنی سیستمی گومرگیی (ئەسیکۆدا) و پشکی هەرێم لە بودجە و مووچە، بڕیاریشە سبەینێ گفتوگۆکان لەسەر ئەو دوو پرسە دەستپێبکەنەوە.
بەپێی زانیارییەکانی کەی ئێن ئێن، تەوەری یەکەمی گفتوگۆکانی شاندەکەی هەرێم لە بەغداد تایبەتە بە جێبەجێکردنی سیستمی (ئەسیکۆدا) بۆ ئەم مەبەستەش هەرێمی کوردستان دوو پێشمەرجی بۆ جێبەجێکردنی سیستمەکە ئامادەکردووە؛ یەکەمیان گرەنتییکردنی دابینکردنی دۆلار بە نرخی 132 هەزار دینارە بۆ بازرگانان، دووەمیشیان پێداگرییە لەسەر ئەوەی ئەو داهاتەی لە ڕێگەی سیستمەکەوە کۆدەکرێتەوە، بخرێتە سەر خەزێنەی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەک خەزێنەی حکومەتی فیدراڵی.
لە تەوەری دووەمی دانوستانەکاندا، شاندی هەرێم پێشنیازێکی نوێی خستووەتەڕوو تایبەت بە دەرچوونی یاسایەکی نوێ بۆ بودجەی عێراق، تاوەکو کێشەی شایستە داراییەکانی هەرێم چارەسەر بکرێت. هاوکات داواکارە ئەو داهاتەی کە ئێستا کەمیکردووە بۆ نزیکەی 100 بۆ 120 ملیار دینار، نیوەی ئەو پارەیە وەکو داهات ڕەوانەی بەغداد بکرێت،لەگەڵ گەڕاندنەوەی 70 ملیار دیناری مانگی ڕابردوو و 32 ملیار دیناری مانگەکانی پێشتریش کە لە پشکی هەرێمی کوردستان بڕدراون.
256 جار خوێندراوەتەوە