هەڕەشەیەکی نوێ بۆ واشنتۆن کیم جۆنگ ئۆن بزوێنەری موشەکێکی نوێی کیشوەربڕی تاقیکردەوە

KNN : Kurdish News Network
10:32 - 29/03/2026
جیهان
+
-

کیم جۆنگ ئۆن، ڕێبەری کۆریای باکوور، سەرپەرشتی تاقیکردنەوەی نوێی بزوێنەرێکی موشەکی کرد کە بە سووتەمەنی ڕەق کاردەکات، ئەمەش لە چوارچێوەی پەرەپێدانی توانای سەربازی و ستراتیژی وڵاتەکەیدایە

 

ئاژانسی هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور، ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاویکردەوە، ئەو بزوێنەرە نوێیە لە ماددەی "کاربۆن فایبەر" دروستکراوە و بەهۆی بەکارهێنانی سووتەمەنی ڕەق تێیدا، خێراییەکی زۆری هەیە لە هەڵدان و پێکاندا. لای خۆشیانەوە شارەزایانی سەربازی ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم بزوێنەرە بۆ موشەکی بالیستی کیشوەربڕی لە جۆری (هواسونگ-20) دیزاین کراوە، کە ئامانج لێی گەیشتنە بە قوڵایی خاکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا

 

هاوکات کیم جۆنگ ئۆن لە کاتی سەرپەرشتیکردنی تاقیکردنەوەکەدا ڕایگەیاند: "توانا بەرگرییەکانی کۆریای باکوور چووەتە قۆناغێکی گۆڕانی بنەڕەتییەوە". ئەم هەنگاوەی پیۆنگ یانگ لە کاتێکدایە کە بەرنامە ئەتۆمی و موشەکییەکانی ئەو وڵاتە لەژێر سزای توندی نێودەوڵەتیدان، بەڵام کۆریای باکوور پەرەپێدانی ئەو توانایانە وەک وەڵامێک بۆ هەڕەشەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەبینێت.




45 جار خوێندراوەتەوە