ئێران بڕیاری
وەرگرتنی کرێی خزمەتگوزارییەکانی لەو کەشتییانە خستە بواری جێبەجێکردنەوە کە بە
گەرووی هورمزدا تێدەپەڕن، پەرلەمانتارێکی ئەو وڵاتەش ئاشکرای دەکات، لە ئێستادا لە
هەر کەشتییەک بە تێکڕا بڕی یەک ملیۆن و 500 هەزار بۆ دوو ملیۆن دۆلار وەردەگیرێت.
موحسین زەنگەنە،
ئەندامی لیژنەی بەرنامە و بودجە لە پەرلەمانی ئێران، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی
(فارس)ی ئێرانی ڕایگەیاند: پرۆسەی وەرگرتنی کرێی خزمەتگوزارییەکان لە گەرووی هورمز
دەستی پێکردووە و لە ئێستادا باج خراوەتە سەر ئەو کەشتییانەی بەو سنوورەدا
تێدەپەڕن. ئەم هەنگاوەش دوای ئەوە دێت کە لە مانگی ئایاری ڕابردوودا، جێگری سەرۆکی
پەرلەمان لە سەردانێکیدا بۆ بەندەر عەباس، پلانی بەڕێوەبردنی گەرووەکەی لە
چوارچێوەی 12 خاڵدا ڕاگەیاندبوو.
ئاماژەی بەوەش
کردووە، بۆ جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە، لیژنەیەک بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی
ئابووری و لەژێر چاودێریی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی پێکهێنراوە. هاوکات
ئەو پارەیەی کۆدەکرێتەوە، بەپێی یاسای بودجە دەخرێتە خەزێنەی دەوڵەتەوە و لەو
بوارانەدا خەرج دەکرێت کە بۆی دیاریکراوە.
سەبارەت بە
شێوازی وەرگرتنی کرێیەکەش، ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیکردووەتەوە کە بەشێک لەو پارەیە
بە نەختینە (کاش) نییە، بەڵکو بە شێوەی دراوی ئەلیکترۆنی (USDT)، کاڵا، یان ئاڵوگۆڕی بازرگانی وەردەگیرێت،
بە جۆرێک هەندێک لە کەشتییەکان لەبری پێدانی پارە، کاڵا یان خزمەتگوزاری پێشکەش
دەکەن و بەهاکەیان لەو بڕە پارەیە لێدەبڕدرێت کە لەسەریانە.
70 جار خوێندراوەتەوە