وەزارەتی کاری عێراق بە بڕی تا 150 ملیۆن دینار قەرزێک رادەگەیەنێت

KNN : Kurdish News Network
09:28 - 07/06/2026
ئابوری
+
-

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق، پێدانی قەرزی بە بڕی جیاواز کە دەگاتە 150 ملیۆن دینار بۆ پرۆژە جیاوازەکان ڕاگەیاند و مەرج و توێژە سوودمەندەکانیشی ئاشکرا کرد.

 

عەممار عەبدولحوسێن جاسم، بەڕێوەبەری پشتیوانیی پرۆژەکانی سەرچاوەی داهات لە وەزارەتەکە، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: وەزارەت گرنگییەکی تایبەت بە پرۆژەکانی کشتوکاڵ، سامانی ئاژەڵ و ماسی دەدات. جەختیشی کردەوە کە هیچ پرۆژەیەکی ڕاستەقینەی کشتوکاڵی، کە مەرجە یاساییەکان و توێژینەوەی ئابووریی تێدا بێت ڕەت ناکرێتەوە، و بڕی ئەم قەرزانەش لە نێوان 20 بۆ 50 ملیۆن دیناردایە.

 

ئاماژەی بەوەش کرد، وەزارەت قەرزی هاوبەش دەدات بە زۆرترین ئاست بۆ سێ کەس بەپێی یاسا، کە سەقفی داراییەکەی دەگاتە 150 ملیۆن دینار بۆ یەک پرۆژە، بەو مەرجەی پرۆژەکە ڕاستەقینە و بەرهەمهێنەر بێت، وەک کارگە و خزمەتگوزارییە پیشەسازییەکان. هاوکات ڕوونیکردەوە کە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان پێشتر پارەی بۆ دوو پرۆژە بەو سەقفە بەرزە تەرخان کردووە، کە یەکێکیان کارگەیەکی بەرهەمهێنانی ئاسنگەرییە و لەلایەن سێ هاوبەشەوە بەڕێوەدەبرێت و ماوەی نۆ مانگە سەرکەوتنی بەردەوام بەدەست دەهێنێت.

 

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، عەممار عەبدولحوسێن باسی لەوە کرد کە وەزارەت پێشنیازێکی خستووەتەڕوو کە پێشوازییەکی باشی لێکراوە، ئەویش ئەوەیە کە یەک یان دوو کەفیل گرەنتیی هەر سێ هاوبەشەکە بکەن لە قەرزە هاوبەشەکەدا، بۆ دڵنیابوون لە پابەندبوونیان.

 

سەبارەت بە چۆنیەتیی پێشکەشکردنیش، ئاشکرای کرد کە پرۆسەکە بە شێوەی ئەلیکترۆنی و لە ڕێگەی پلاتفۆرمی (مهن)ەوە دەبێت، یەکلاییکردنەوەی داواکارییەکەش لە نێوان مانگێک بۆ مانگێک و نیو دەخایەنێت، هەروەها کەفالەتی فەرمانبەران و خانەنشینانیش قبوڵ دەکرێت.

 

لە کۆتاییدا ناوبراو ڕایگەیاند: وەزارەت لە دابینکردنی ئەم قەرزانەدا بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە گەڕاندنەوەی پارە لە قەرزدارەکانی پێشوو دەبەستێت بۆ مسۆگەرکردنی بەردەوامیی سندووقەکە. مەرجی سەرەکیش بۆ پێشکەشکار ئەوەیە کە نابێت هیچ مووچەیەک لە لایەنێکی تری حکومییەوە وەربگرێت، لەوانەش مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی یان دەزگای شەهیدان.

434 جار خوێندراوەتەوە