دادگای
لێکۆڵینەوەی تاوانەکانی تایبەت بە نەهێشتنی گەندەڵی لە عێراق، بە فەرمی داوا لە
ئەنجومەنی نوێنەران دەکات پارێزبەندی لەسەر (حەسەنەین قاسم محەممەد خەفاجی)
پەرلەمانتاری خولی ئێستا هەڵبگرێت، ئەمەش بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل و هەڕەشەکردن
بۆ وەرگرتنی پشکی پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون.
بەپێی
بەڵگەنامەیەکی فەرمیی دادگاکە کە ئەمڕۆ یەکشەممە (7ی حوزەیرانی 2026) دەرچووە،
لێکۆڵینەوە لە سکاڵایەک دژی ئەو پەرلەمانتارە دەکرێت بە تۆمەتی هەڕەشەکردن لە
وەبەرهێنەرێک بۆ ئەوەی ڕێژەی 40٪ی پشکی پرۆژەی (حەوراء بەغداد)ی نیشتەجێبوون بە
ناوی کارمەندێکی نووسینگەکەیەوە بەناوی (ئەنوەر سەباح عەبدولسادق) تۆمار بکات.
ئەمە جگە لە داواکردنی بڕی 500 هەزار دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە دەستوەردان لە
کارەکانی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، دەستەی دەستپاکی و دەستەی وەبەرهێنان بەبێ
بوونی هیچ ڕێگەپێدانێکی فەرمی.
لە
بەڵگەنامەکەدا هاتووە، پەرلەمانتارەکە بانگەشەی ئەوەی کردووە کە پەیوەندی بە
دادوەرانی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و بەرپرسانی باڵای دەستەی دەستپاکییەوە هەیە و
دەتوانێت دۆسیەکانی سکاڵاکار دابخات. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە سکاڵاکە بە
تۆماری دەنگیی پەرلەمانتارەکە، دانپێدانانی کارمەندە دەستگیرکراوەکەی، و بەڵگەی
گرێبەستە سەرەتاییەکانی پرۆژەکە سەلمێندراوە.
دادگاکە لە
نووسراوەکەدا کە ئاراستەی سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی کەرخی کردووە، داوا
دەکات ڕەزامەندیی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق وەربگیرێت بۆ گرتنەبەری ڕێکاری
یاسایی دژی حەسەنەین خەفاجی و هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەری، بە پشتبەستن بە ماددەی 63ی
دەستووری عێراق.
204 جار خوێندراوەتەوە