ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان: ئیسرائیل سیخوڕی بەسەر دانوستانکارە باڵاکانی تیمی ترەمپەوە دەکات

KNN : Kurdish News Network
03:30 - 07/06/2026
جیهان
+
-

ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکانی ئەمەریکا ئاشکرایان کردووە، دەزگا هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل گوێیان لە گفتوگۆی ئەو دانوستانکارە ئەمەریکییانە گرتووە کە کار بۆ ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئێران دەکەن، ئەمەش مەترسییەکانی هەواڵگریی دژەسیخوڕیی بە شێوەیەکی گشتی بەرزکردووەتەوە.

 

بە پێی راپۆرتێکی نیویۆرک تایمز بەرپرسانی ئەمەریکا ئاماژەیان بەوە کردووە، هەوڵە چڕەکانی ئیسرائیل بۆ زانینی هەڵوێستی واشنتن لە دانوستانەکانی پەیوەست بە ئێران، "سنوورە قبوڵکراوەکانی تێپەڕاندووە". ڕاپۆرتەکان دەریاندەخەن کە ئیسرائیل هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ گوێگرتن لە بەرپرسە باڵاکانی ئەمەریکا، لەوانەش ستیڤ ویتکۆف، گەورە دانوستانکاری دۆناڵد ترەمپ؛ ئێلبرێج کۆڵبی، گەورە بەرپرسی سیاسەتەکان لە پێنتاگۆن و مایکڵ دیمینۆ، یەکێک لە یاریدەدەرە دیارەکانی.

 

لە ڕاپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵگریی بەرگریی ئەمەریکا (DIA) کە پشت بە چەند ڕووداوێکی ساڵانی ڕابردوو دەبەستێت، هاتووە: ئاستی ئەو مەترسییەی ئیسرائیل لە بواری دژەسیخوڕیدا دروستی کردووە، لە هەفتەکانی ڕابردوودا لە ئاستی "بەرز"ەوە بۆ "مەترسیدار" بەرزبووەتەوە، کە ئەمەش بەرزترین ئاستی پۆلێنکردنە.

 

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان کە هەماهەنگیی سەربازیی نێوان ئەمەریکا و ئیسرائیل لە جەنگی دژی ئێران گەیشتووەتە ئاستێکی بێپێشینە، بەڵام بەرپرسانی باڵای واشنتن دەڵێن، تەلئەڤیڤ دەیەوێت زانیاری لەسەر ستراتیژیی ترەمپ و هەڵوێستەکانی سەبارەت بە دانوستانەکانی ئاشتی بەدەستبهێنێت. ئەمەش لەکاتێکدایە ترەمپ هەوڵی ڕێککەوتنی ئاشتی دەدات، بەڵام بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، کار بۆ لاوازکردنی زیاتری ئێران و لەناوبردنی سیستەمەکەی دەکات.

 

سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە، پێشتر بەرپرسانی بەرگریی ئەمەریکا لە ئیسرائیل بۆیان دەرکەوتووە کە بەنهێنی پرۆگرامی گوێگرتن خراوەتە ناو مۆبایلەکانیانەوە. ڕاپۆرتەکە چەندین ڕووداوی ساڵانی ڕابردووی ئاشکرا کردووە، لەوانە دەستگیرکردنی ئەفسەرانی هەواڵگریی سەربازیی ئیسرائیل لە ساڵی 2021 لەکاتی دانانی ئامێری گوێگرتن لە بارەگای ئاژانسی هەواڵگریی بەرگریی ئەمەریکا، هەروەها هەوڵێکی دەزگای "شاباک"ـی ئیسرائیلی لە ساڵی ڕابردوودا بۆ دانانی ئامێری گوێگرتن لەناو ئۆتۆمبێلێکی دەزگای خزمەتگوزاریی نهێنیی ئەمەریکا.

 

لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا (پێنتاگۆن) ئامادە نەبوو هیچ لێدوانێک لەم بارەیەوە بدات، و بەرپرسێکی کۆشکی سپیش ڕەتیکردەوە ڕاپۆرتەکان ڕاست بن. هاوکات وتەبێژی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە واشنتن ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە "ئیسرائیل سیخوڕی بەسەر بەرپرسان و دامەزراوەکانی ئەمەریکاوە ناکات."

118 جار خوێندراوەتەوە