ئەمریکا تاوتوێی ڕەوانەکردنی 10هەزار سەربازی دیکە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات

KNN : Kurdish News Network
10:06 - 27/03/2026
جیهان
+
-

کۆشکی سپی و وەزارەتی جەنگی ئەمریکا تاوتوێی ڕەوانەکردنی لانی کەم ١٠ هەزار سەربازی دیکەی شەڕکەر بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن. ئەم هەنگاوە وەک ئاماژەیەکی ڕوون بۆ ئامادەکارییە چڕەکانی واشنتن لەپێناو ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی زەمینی لەناو خاکی ئێراندا لێکدەدرێتەوە.


بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ڕایگەیاند، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بڕیار لەسەر زیادکردنی ژمارەی هێزەکانی لە ناوچەکە دەدات. زیادکردنی ئەم هێزە نوێیانە کە بڕیارە لە هەفتەی داهاتوودا یەکلایی بکرێتەوە، لە یەکە جیاوازەکانی سوپا دەبن و جیاوازن لەو هێزانەی کە پێشتر لە ناوچەکەدا جێگیرکراون.

 

ئەم جموجوڵە سەربازییانە لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات کە واشنتن سەرقاڵی دانوستانە لەگەڵ تاران بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن و کۆتاییهێنان بە جەنگ، بەڵام بەرپرسانی ئێران تا ئێستا ڕەزامەندییان لەسەر ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئاستبەرز نیشان نەداوە و بە گومانەوە لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا دەڕوانن.

 

بەپێی زانیارییەکان، پنتاگۆن خەریکی پەرەپێدانی بژاردەی سەربازییە بۆ وەشاندنی "گورزی کۆتایی" لە ئێران، کە ئەگەری هەیە هێرشی زەمینی و هەڵمەتێکی بۆردومانی بەرفراوان لەخۆ بگرێت. سەرچاوەکان دەڵێن، ئەگەرچی ترەمپ هێشتا بڕیاری کۆتایی لەسەر هیچکام لەو بژاردانە نەداوە، بەڵام ئامادەیە بۆ پەرەپێدانی گرژییەکان ئەگەر گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران لە کاتێکی نزیکدا ئەنجامی کۆنکرێتییان نەبێت.


لە چوارچێوەی ئەم ئامادەکارییانەدا، بڕیارە لە چەند ڕۆژ و هەفتەی داهاتوودا چەندین فەوجی فڕۆکەی جەنگی و هەزاران سەربازی دیکە بگەنە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هاوکات یەکەیەکی هێزی دەریایی (مارینز) لەم هەفتەیەدا دەگاتە ناوچەکە و یەکەیەکی دیکەش لە حاڵەتی جوڵەپێکردندایە، لەگەڵ ڕەوانەکردنی بەشێک لە فیرقەی ٨٢ی پەڕەشوتەوانی کە لە چەند هەزار سەربازێک پێکهاتوون.

29 جار خوێندراوەتەوە