عومەر وائیلی: بازگەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لادەبرێن

KNN : Kurdish News Network
11:48 - 07/06/2026
ئابوری
+
-

عومەر وائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق، پلانێکی نوێی بۆ یەکخستنی تەواوی ڕێکارە گومرگییەکان لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغداد ئاشکرا کرد و جەختی لەوە کردەوە، بە یەکخستنی ئەو ڕێکارانە تەواوی بازگە ناوخۆییەکانی نێوان هەردوولا لادەبرێن.

 

سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان لە میانەی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی دێڵفی ڕایگەیاند: لەم دواییانەدا لێکگەیشتنی زۆر باش بۆ ڕێکخستنی پێناسی گومرگی و یەکخستنی پشکنینی پێشوەختەی ئەو کاڵایانەی دەگەنە عێراق هاتووەتە ئاراوە. ئاماژەی بەوەش کرد، دەستەکەیان بە یەک شێواز مامەڵە لەگەڵ هەموو دەروازەکاندا دەکات و لای ئەوان دەروازەکانی هەرێم و ناوەڕاست و باشوور وەک یەکن. وائیلی هەبوونی بازگەی لە نێوان هەرێم و عێراق بە "کارێکی نامۆ" وەسف کرد، کە لەگەڵ یەکخستنەوەی پێناس و ڕێکارەکاندا پێویستییان پێ نامێنێت و هەڵدەوەشێنرێنەوە.

 

سەبارەت بە داهات و ئاسایشی سنوورەکان، عومەر وائیلی باسی لەوە کرد کە حکومەتی ئێستا دیدێکی ئابووریی هەیە و کار بۆ بەرزکردنەوەی داهاتی نانەوتی، پەرەپێدانی پیشەسازی و سەرخستنی پڕۆژەی (ڕێگەی گەشەپێدان) دەکات، بۆ ئەوەش کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان لەلایەن فەرماندەیی هێزەکانی سنوور، وەزارەتی ناوخۆ و دەستەی دەروازەکانەوە بە پێویست دەزانێت. دووپاتیشی کردەوە، دەبێت دەروازە سنوورییەکان ببنە پردێک بۆ لێکنزیکبوونەوەی هەردوو حکومەت، نەک هۆکاری لێکدوورکەوتنەوە.

 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وائیلی ئاشکرای کرد کە بەهۆی ئاڵنگارییەکانی ناوچەکەوە، عێراق ناچار بووە دەروازەکانی سەفوان، عەرعەر و قائیم بۆ هاتنی باری پێویست کارا بکات، هاوکات دەروازەکانی ڕەبیعە و وەلیدیش لەگەڵ سووریا بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاو کراونەتەوە. جەختیشی لەوە کردەوە کە سەرۆک وەزیران ئیرادەیەکی ڕاستەقینەی هەیە بۆ هەماهەنگی و ئاڵوگۆڕی زانیاری لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانە ئابوورییەکان، لەو چوارچێوەیەشدا کار بۆ پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی کەرەستەی بیناسازی لە نێوان هەردوولادا دەکرێت.

196 جار خوێندراوەتەوە