ئیدارەی ئەمریکا داوا لە کۆنگرێس دەکات 200
ملیاری دیکەی وەک بودجەی سەربازی زیاتری بۆ تەرخان بکرێت و وەزیری دەرەوەی ئێرانیش
روو لە هاووڵاتیانی ئەمریکا دەڵێت: ئەوە هەر هیچ نییە خۆتان بۆ بارگرانی زیاتر
ئامادە بکەن.
رۆژنامەی واشنتن پۆست لەزاری سەرچاوەیەکی
حکومییەوە بڵاویکردەوە: کۆشکی سپی داوای لە کۆنگرێس کردووە دەنگ بدات بە زیادکردنی
200 ملیار دۆلار بە بودجەی سەربازی بۆ دابینکردنی تێچووی شەڕ دژی ئێران.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە رێگەی ئەو بودجەوە ئیدارەی
ئەمریکا دەیەوێت جێگەی ئەو چەکە گرنگانە پڕبکاتەوە کە لە شەڕەکەدا بەکارهێنراون،
ئەمەش لە رێگەی بەرهەمهێنانی زیاتر لەو چەکانە.
سەبارەت بەو بابەتە عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی
ئێران لە هەژماری ئیکس روو لە هاووڵاتیانی ئەمریکی پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و
نوسیویەتی: هێشتا سێ هەفتە بەسەر ئەو شەڕەدا تێپەڕبووە کە حکومەتی ئەمریکا بەسەر
گەلی ئەمریکا و ئێراندا سەپاندوویەتی، بۆیە ئەم 200 ملیار دۆلارە هەر هیچ نییە.
داوای لە هاووڵاتیانی ئەمریکی کردووە بەهۆی ئەو
ترلیۆن دۆلارەی کە بەهۆی شەڕی دژ بە ئێران وەک باجی پێشخستنی بەرژەوەندییەکانی
ئیسرائیل بەسەر هاووڵاتیانی ئەمریکیدا دەسەپێندرێت، لێپێچینەوە لە نەتانیاهوو و
هاوپەیمانەکانی لە کۆنگرێس بکەن.
43 جار خوێندراوەتەوە