عەبدوڵا
ئۆجەلان، پەیامێکی ئاراستەی 24ـەمین جڤاتی گشتیی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان
(کەنەکە) کرد و تێیدا جەختی لە گرنگیی یەکڕیزیی نەتەوەیی و پاراستنی دەستکەوتەکانی
گەلی کورد کردەوە. لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، مەزنکردنی لێگەڕینی کوردان
لەپێناو یەکێتیی دیموکراسی و پاراستنی دەستکەوتە نەتەوەییەکان، بەرپرسیارێتییەکی
هاوبەشی سەرشانی هەمووانە.
لە بەشێکی
دیکەی پەیامەکەدا هاتووە، گەلی کورد بە قۆناغێکی گرنگی مێژووییدا تێدەپەڕێت و دوای
سەدان ساڵ لە ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسەتی لەناوبردن و پارچەکردن، توانیویەتی بە
قوربانیدانێکی مەزن ئیرادەی ئازادیی خۆی بپارێزێت. ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئێستا کورد
بووەتە دینامیکێکی کۆمەڵایەتیی زۆر گرنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناکرێت لە
هاوکێشەکانی ناوچەکەدا پشتگوێ بخرێت و حیساب بۆ ئیرادەکەی نەکرێت.
سەبارەت بە
پرسی یەکڕیزیی ماڵی کورد، عەبدوڵا ئۆجەلان ڕوونیکردووەتەوە کە بەرەوپێشبردنی
کولتووری دیالۆگ و خەباتی هاوبەش ئەرکێکی مێژووییە، چونکە یەکێتیی نەتەوەیی بە
تەنها پارتێک یان لایەنێک نایەتە دی، بەڵکو پێویستی بە هەوڵی هاوبەشی هەموو هێزە
سیاسییەکان، ڕۆشنبیران، ژنان، گەنجان و چین و توێژە جیاوازەکانە. هەروەها دووپاتی
کردووەتەوە کە یەکێتیی دیموکراسییانە بە واتای سڕینەوەی جیاوازییەکان نایەت، بەڵکو
کۆکردنەوەیانە لەسەر زەمینەیەکی دیموکراسی بۆ دروستکردنی ئیرادەیەکی هاوبەش لە
پرسە چارەنووسسازەکاندا.
لە کۆتایی
پەیامەکەیدا بۆ جڤاتی گشتیی کەنەکە، ئۆجەلان هۆشداری دەدات کە ڕێگەی تێپەڕاندنی
لێکترازانەکانی ڕابردوو شەڕ و پێکدادان نییە، بەڵکو گفتوگۆ و دۆزینەوەی چارەسەری
هاوبەشە. جەختیش دەکاتەوە کە داهاتووی گەلی کورد تەنها بە یەکێتیی نەتەوەییەوە گرێ
نەدراوە، بەڵکو پەیوەستە بە تێگەیشتن لە کۆمەڵگەی دیموکراسی و ژیانی هاوبەش لەگەڵ
گەلانی دیکەی ناوچەکە لەسەر بنەمای یەکسانی و ئازادی.
73 جار خوێندراوەتەوە