لە خامنەییەوە تا لاریجانی؛ وردەکاریی کوژرانی بەرپرسە باڵاکانی ئێران لە دەستپێکی جەنگەکەوە

KNN : Kurdish News Network
08:40 - 18/03/2026
جیهان
+
-

کوشتنی دوو بەرپرسی باڵای ئێران لە هێرشەکانی ڕۆژی سێشەممەدا لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە، گورزێکی گەورە بوو بۆ سەرکردایەتی تاران، کە لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە ڕووبەڕووی و زیانی قورس بووەتەوە.


عەلی لاریجانی، بەرپرسی ئاسایشی نەتەوەیی، و غوڵامڕەزا سولەیمانی، فەرماندەی هێزەکانی بەسیج، چوونە ڕیزی ئەو دەیان بەرپرسەی کە لە سەرەتای جەنگەکەوە کوژراون. زۆربەی ئەم سەرکردانە لە یەکەم ڕۆژی دەستپێکردنی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ٢٨ی شوبات، هاوشانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران گیانیان لەدەستدا.


بەپێی زانیارییەکانی حکومەتی ئیسرائیل، تەنها لە هێرشەکانی ڕۆژی یەکەمدا (٢٨ی شوبات)، حەوت بەرپرسی باڵای بەرگری و هەواڵگری کوژراون و ٣٠ سەرکردەی باڵای سەربازی و مەدەنی کراونەتە ئامانج. لەنێو کوژراوەکاندا جگە لە خامنەیی، هەریەک لە؛ عەلی شەمخانی، ڕاوێژکاری باڵای ئاسایش، محەمەد پاکپور، فەرماندەی سوپای پاسداران، عەبدولڕەحیم موسەوی، سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکان و عەزیز نەسیرزادە، وەزیری بەرگری هەن.


هاوکات لە هەمان ڕۆژدا چەندین بەرپرسی دیکە کوژراون، لەوانە محەمەد شیرازی، سکرتێری سەربازیی خامنەیی، ساڵح ئەسەدی، بەرپرسی هەواڵگریی سەربازی، حوسێن جەبەل عامیلیان، سەرۆکی دامەزراوەی توێژینەوەی چەکی ئەتۆمیی ئێران (SPND) لەگەڵ ڕەزا موزەفەرینیا، سەرۆکی پێشووی هەمان دامەزراوە، هەروەها موحسین دارەباغی، جێگری سەرۆکی لۆجستی و توێژینەوەی پیشەسازی، غوڵامڕەزا ڕەزائیان، بەرپرسی هەواڵگریی پۆلیس و بەهرام حوسێنی موتڵەق، بەرپرسی پلان و ئۆپەراسیۆنەکان.


لە بەردەوامیی پێشهاتەکاندا، ڕۆژی ٣ی ئازار هێزەکانی ئیسرائیل کوشتنی مەجید ئیبن ڕەزایان لە هێرشێکی ئاسمانیدا ڕاگەیاند، کە تەنها یەک ڕۆژ بوو وەک جێگرەوەی عەزیز نەسیرزادە بۆ پۆستی وەزیری بەرگری دیاریکرابوو، هاوکات ڕەزا خەزایی، بەرپرسی باڵای فەیلەقی قودس لە هێرشێکی بەیروتدا کوژرا. دواتر لە ٨ی ئازاردا، بەهۆی هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیل بۆ سەر هۆتێلێک لە بەیروت، لانی کەم چوار بەرپرسی سوپای پاسداران کوژران کە لەلایەن باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ناسنامەکانیان وەک (مەجید حوسێنی، عەلیڕەزا بێئازار، ئەحمەد ڕەسولی و حوسێن ئەحمەدلو) ئاشکراکرا.


لە درێژەی هێرشەکاندا، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند لە ١٢ی ئازاردا، ئەبوزەڕ محەمەدی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی یەکەی موشەکیی سوپای پاسداران لەناو حزبوڵای لوبنان لە بەیروت کوژراوە. لە دوایین پێشهاتیشدا و لە ١٧ی ئازار، وەک باراک ڕاڤید، پەیامنێری ماڵپەڕی ئاکسیۆس لە زاری بەرپرسێکی ئیسرائیلییەوە گواستوویەتیەوە، عەلی لاریجانی لە ماڵێکی پارێزراودا لە تاران کراوەتە ئامانج، هەروەها غوڵامڕەزا سولەیمانیش لەگەڵ چەندین یاریدەدەری باڵادا لە بارەگایەکی کاتیدا کوژراون.

429 جار خوێندراوەتەوە