دۆناڵد ترەمپ: ئێران بە زیرەکی دەستکرد خۆی بەهێز نیشان دەدات

KNN : Kurdish News Network
09:13 - 16/03/2026
جیهان
+
-

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا گومان دەخاتە سەر پێگەی جەماوەری کۆماری ئیسلامی و توانای دەریایی ئەو وڵاتە و دەڵێت، ئەوەی لەوبارەوە نیشان دەدرێت ساختەیە و بەرهەمی زیرەکی دەستکردە.

 

لە وتەیەکدا بۆ رۆژنامەنووسان ترەمپ راوەستەی لەسەر چەند پرسێکی پەیوەیست بە ئێران کرد و رایگەیاند، ئەو وڵاتە بە هیچ جۆرێک بەلەمی خۆتەقێنی نییە وەک ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکات، ئەگەر هەیبوایە، وەک بەلەم و کەشتییەکانی دیکەی دەمانکردنە ئامانج.

 

ئەوەشی خستەڕوو، ئەوەی لەو بارەوە بڵاوکراوەتەوە ساختەیە و بە زیرەکی دەستکرد بەرهەم هێنراوە، ئەگەر وانییە بۆ کەس ئەو بەلەمانەی نەبینیوە.

 

سەبارەت بە خۆپیشاندانی لایەنگری دەسەڵاتی ئێرانیش کە لە دوای کوژرانی عەلی خامنەییەوە لە شەقامن، سەرۆکی ئەمریکا پێیوایە ئەو دیمەنانەش بە زیرەکی دەستکرد دروست کراون و هەرگیز ئەوەندە لایەنگریان نییە.

 

هەر سەبارەت بە دەسەڵاتدارانی ئێران ئاشکرای کرد، کە ئەوان خوازیاری دانوستانن، بەڵام دانوستانی خراپ و پێموانییە ئامادەبن ئەو کارە بکەن کە دەبێت بیکەن، بەڵام دواجار لە قۆناغێکدا دەبێت بۆ ئەوەش ئامادەبن لە داوایان لێدەکرێت.

 

دەربارەی گەرووی هورمزیش ترەمپ داوای لەو وڵاتانە کرد کە نەوتەکەیان لە کەنداوەوە دابین دەکەن بەشدار بن لە پاراستنی ئاسایشی گەرووەکە، چونکە بەشێک لە سەروەری و ئاسایشی وزەیان پەیوەستە بە دانەخرانی گەروی هورمزەوە.

 

سەرۆکی ئەمریکا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ترەمپ دەنگۆی "مشتومڕ و دەمەقاڵێ" لەگەڵ بنیامین نەتانیاهوو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی رەتکردەوە و وتی، پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ ناوبراو هەیە.

 

سەبارەت بە بەشدارینەکردنی ناتۆش لە شەڕی دژ بە ئێران ترەمپ هۆشداری پێدان و وتی: چ پشتیوانیمان بکەن و چ نەیکەن، دڵنیابن هەرگیز ئەوەمان بیرناچێتەوە.

895 جار خوێندراوەتەوە