وەزارەتی دارایی دڵنیایی دەداتە سوودمەندانی چاودێری کۆمەڵایەتی و دەنگۆی بڕینی مووچەکانیان ڕەتدەکاتەوە

KNN : Kurdish News Network
07:36 - 04/03/2026
عێراق
+
-

وەزارەتی دارایی عێراق بە فەرمی وەڵامی ئەو دەنگۆیانە دەداتەوە کە لەبارەی دواکەوتن یان ڕاگرتنی هاوکارییە داراییەکانی چاودێری کۆمەڵایەتی بڵاوبوونەتەوە و ڕایدەگەیەنێت، پڕۆسەی دابەشکردنی پارەی مانگی ئازار بەبێ هیچ گرفتێک بەڕێوەدەچێت.

 

هەواڵ: KNN

ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی دارایی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا سەرجەم ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە کە باس لە سڕکردن یان دواخستنی مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتی دەکەن بەهۆی "کەمیی بودجە"وە. وەزارەتەکە جەختی کردەوە کە ئەم دەنگۆیانە "بێ بنەمان و دوورن لە ڕاستی و تەنها بۆ شڵەژانی ڕای گشتی بڵاوکراونەتەوە".

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەشی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی پێشوەختە و بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، تەواوی شایستە داراییەکان و دەرماڵەکانی تەرخانکردووە. ئامانج لەم هەنگاوەش دڵنیابوونەوەیە لەوەی کە هاوکارییەکان لە کاتی دیاریکراوی خۆیاندا بگاتە دەستی سوودمەندانی چاودێری کۆمەڵایەتی، بەبێ ئەوەی هیچ کێشەیەکی تەکنیکی یان دارایی بێتە پێش.

 

وەزارەتی دارایی دڵنیایی دەداتە هاوڵاتییان کە پڕۆسەی خەرجکردنی مووچەکان بە شێوەیەکی ئاسایی و بەبێ هیچ قەیرانێکی دارایی بەردەوامە. ئاماژەی بەوەش کردووە کە سیستەمی دارایی وڵات توانای دابینکردنی ئەو شایستە داراییانەی هەیە و هیچ مەترسییەک لەسەر بودجەی چاودێری کۆمەڵایەتی نییە.

 

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، وەزارەتی دارایی داوای لە هاوڵاتییان کرد هۆشیاربن و نەکەونە ژێر کاریگەریی ئەو هەواڵە چەواشەکارانەی کە لە پەیج و سایتە نافەرمییەکان بڵاودەکرێنەوە. جەختیشی کردەوە کە "بۆ وەرگرتنی هەر زانیارییەکی دروست، تەنها پشت بە سایت و کەناڵە فەرمییەکانی وەزارەت و لێدوانە فەرمییەکان ببەستن

 

94 جار خوێندراوەتەوە