ملیۆنان بینەرى هەبو... ترەمپ و ماسک لە راستەوخۆیەکى ئێکسدا چەند گفتوگۆیەکیان ئەنجامدا

KNN : Kurdish News Network
09:39 - 13/08/2024
جیهان
+
-

دواى نزیکەى ساڵێک ترەمپ گەڕایەوە بۆ تۆڕى کۆمەڵایەتیی ئێکس "دڵخوازترین پلاتفۆرمەکەى" و لەگەڵ ئیلۆن مەسک گفتوگۆیەکیان ئەنجامدا و ئەم گرتە ڤیدیۆییەش ملیۆنان بینەرى بەشێوەیەکى راستەوخۆ هەبو.

 

هەواڵ:KNNC

 

هەریەک لە دۆناڵد ترەمپ کاندیدى کۆمارییەکان و ئیلۆن مەسک خاوەنى تۆڕى کۆمەڵایەتیی ئێکس و یەکێک لە ملیاردێرەکانى جیهان، بەشێوەیەکى راستەوخۆ لەڕێی تۆڕى کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەرى پێشو) گفتوگۆیەکیان ئەنجامدا کە ملیۆنان بینەرى هەبو، ماسک کە پێشتر لایەنگر و دەنگدەرى دیموکراتەکان بو، پشتگیریی خۆى بۆ ترەمپى کاندیدى کۆمارییەکان دەربڕى.


لە گفتوگۆکانیاندا کە چەندین باسى لەخۆگرت، دۆناڵد ترەمپ هۆشداری لە بەرپابونی جەنگی جیهانیی سێهەم دا و رایگەیاند؛ ئەگەر ئەو سەرۆکی ئەمەریکا بوایە هیچ کام لە شەڕی روسیا_ ئۆکرانیا و ئیسڕائیل_حەمماس رویان نەدەدا.

 

ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد ئاڵۆزی بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەنگاو بۆ جەنگی جیهانیی سێهەم دەنێت و رەخنەی توندیشی لە جۆ بایدنی سەرۆکی ئێستا ئەمەریکا گرت و وتی:  ئیدارەکەی بایدن خراپترین ئیدارە بوە لە مێژوی وڵاتدا و سەرۆک و جێگرەکەی بونەتە هۆکاری قەیرانی دارایی وڵات.

 

لەبارەى ئۆتۆمبێلى کارەباییشەوە کە یەکێکە لە بەرهەمى کۆمپانیاکانى تێسلا کە ئیلۆن ماسک خاوەندارێتى دەکات وتى: داهێنانێکى زۆر سەرنجڕاکێشە بەڵام هەمو کەسێک پێویستى بە ئۆتۆمبێلى کارەبایی نییە.

 

لاى خۆیەوە، ماسک کە پێشتر لایەنگر و دەنگدەرى دیموکراتەکان بو، پشتگیریی و پشتیوانیی تەواوى خۆى بۆ دۆناڵد ترەمپ، کاندیدى کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکایەتیی ئەمەریکا دەربڕى.

 

لە ساڵى 2021 و دواى هەڵکوتانەسەر بیناى کاپیتۆڵى ئەمەریکا، تۆڕى کۆمەڵایەتیی تویتەر لاپەڕەى دۆناڵد ترەمپى راگرت، کاتێکیش ئیلۆن ماسک خاوەندارێتى ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییەى وەرگرت جارێکى دیکە لاپەڕەى ترەمپى چالاک کردەوە، کە بە یەکێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە دڵخوازەکانى ترەمپ دادەنرا لە رابردودا.

401 جار خوێندراوەتەوە