شەپۆلێکی 10 ڕۆژەی بارانبارین و هەورەبرووسکە عێراق و هەرێم دەگرێتەوە

KNN : Kurdish News Network
09:23 - 20/10/2026
عێراق
+
-

دەستەی گشتیی کەشناسیی عێراق ڕایگەیاند، لەمڕۆ سێشەممەوە شەپۆلێکی بارانبارینی پچڕپچڕ و ناجێگیریی کەشوهەوا بە بڕ و ماوەی جیاواز ڕوو لە ناوچە جیاوازەکانی وڵات دەکات و کاریگەرییەکانی لە ماوەی 10 ڕۆژی داهاتوودا بەردەوام دەبن.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی دەستەکە، لە سێیەکی کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمدا بەهۆی یەک لەدوای یەکی سیستەمە کەشوهەواییەکانی پاییزە و جیاوازیی بارستە هەواکان، دۆخێکی ناجێگیر دروست دەبێت. شەپۆلی یەکەم لەمڕۆ سێشەممە (20ی 10) دەستپێدەکات و بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک بەردەوام دەبێت، کە تێیدا لە ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەدا ئەگەری بارینی تاوەبارانی سووک بۆ مامناوەند، دروستبوونی هەورەبرووسکە، چالاکبوونی خێرایی با و بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵی ناوخۆیی لە هەندێک ناوچەدا هەیە.

 

هاوکات لەگەڵ گۆڕانی ئاراستەی با و چڕیی هەورەکان، بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بەم شێوەیە دەبن: دهۆک 27، سلێمانی و نەینەوا 28، هەولێر و کەرکوک و ئەنبار 29، بەغداد و سەڵاحەدین و دیالە 31، کەربەلا و بابل 32، نەجەف و دیوانییە 33، واست 34، میسان و موسەننا 35، و لە زیقار و بەسرە 36 پلەی سیلیزی دەبێت.

473 جار خوێندراوەتەوە