وەزیری وزەی ئەمریکا: ناردنی نەوت لە کەنداوەوە بە رێژەی 80٪ گەڕاوەتەوە بۆ ئاستی پێش جەنگ

KNN : Kurdish News Network
09:51 - 19/10/2026
جیهان
+
-

وەزیری وزەی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت، ناردنی نەوت لە ناوچەی کەنداوەوە بە ڕێژەی 80٪ گەڕاوەتەوە بۆ ئاستی پێش جەنگ و واشنتنیش لە هەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی گازوایل لە بازاڕەکانی جیهاندا بەردەوامە.

 

کریس ڕایت، وەزیری وزەی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی (فۆکس نیوز) جەختی کردەوە، دۆناڵد ترەمپ ڕێگە نادات سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا ڕووبەڕووی ئێرانێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی ببێتەوە، ئاماژەی بەوەش کرد ترەمپ لە بڕیارەکانیدا سەبارەت بە هەڕەشەکانی تاران بیر لە پرسی هەڵبژاردن ناکاتەوە.

 

سەبارەت بە قەیرانی گازوایل (دیزڵ)، ڕایت ئاشکرای کرد ئەمریکا لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا لە گفتوگۆدایە بۆ خستنەبازاڕی بڕێکی زۆر لە سووتەمەنیی عەمبارکراو، بەڵام وەڵامدانەوەی ئەورووپییەکانی بە "خاو" وەسف کرد و ڕوونیشی کردەوە، هەر سووککردنێکی سزاکانی سەر هەناردەی ڕووسیا تەنها سووتەمەنیی گازوایل دەگرێتەوە.

 

ئەمەش لە کاتێکدایە ڕۆژی 9ی تشرینی یەکەم، دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمێر پوتن گەیشتنە ڕێککەوتن بۆ دابینکردنی گازوایلی ڕووسی بۆ بازاڕەکانی جیهان، هاوکات وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاش مۆڵەتێکی گشتیی دەرکرد کە تاوەکو 7ی نیسانی ساڵی داهاتوو ڕێگە بە کڕینی گازوایلی ڕووسی دەدات.

 

وەزیری وزەی ئەمریکا پێشتریش ڕایگەیاندبوو، پشتبەستنی زیاتر بە هێڵە جێگرەوەکانی گواستنەوەی نەوت کە بە گەرووی هورمزدا تێناپەڕن، سەقامگیریی بۆ بازاڕی وزە و جووڵەی بازرگانیی جیهانی گەڕاندووەتەوە و تارانیشی لە بەکارهێنانی "کارتی گوشاری ئابووری" لە ڕێگەی هەڕەشەی داخستنی کەنداوەوە بێبەش کردووە.

261 جار خوێندراوەتەوە