عێراقچی: نەتەنیاهۆ بۆ دەربازبوون لە زیندان ئەمریکا بەرەو جەنگێکی نوێ پەلکێش دەکات

KNN : Kurdish News Network
08:49 - 19/10/2026
جیهان
+
-

وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری لە سەرهەڵدانەوەی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل دەدات و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل تۆمەتبار دەکات بەوەی بۆ دەربازبوون لە زیندان، واشنتن بەرەو جەنگێکی نوێ پەلکێش دەکات.

 

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) ڕایگەیاند، بنیامین نەتەنیاهۆ بێ گوێدانە دەرەنجامەکان لەسەر ئیسرائیل و خودی سەرۆکی ئەمریکا، واشنتن پاڵ دەنێت بۆ ناو جەنگێکی دیکە تاوەکو خۆی لە زیندانکردن رزگار بکات.

 

لە وەڵامی ئاماژەکانی نەتەنیاهۆ سەبارەت بە "تەواوکردنی ئەرکەکە"، عێراقچی هۆشداریی دا لە ئەگەری هێرشکردنە سەر وڵاتەکەی بۆ جارێکی دیکە و نووسیویەتی: "ئاگادار بن، ئێمەش هێشتا ئەرکمان ماوە کە تەواومان نەکردبێت."

 

ئەم لێدوانەی وەزیری دەرەوەی ئێران دوای ئەوە دێت، ڕۆژی یەکشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پلاتفۆرمی (تروس سۆشیاڵ) پشتیوانیی تەواو و بێمەرجی خۆی بۆ هەڵبژاردنەوەی نەتەنیاهۆ لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی ئیسرائیل ڕاگەیاند. ترەمپ جەختی لە بەردەوامیی هاوبەشیی نێوان واشنتن و تەلئەبیب کردەوە و نەتەنیاهۆی بە "سەرۆکوەزیرانێکی جەنگاوەری ناوازە و هاوبەشێکی بێوێنە لە دروستکردنی ئاشتیدا" وەسف کرد.

 

لە بەرامبەردا، بنیامین نەتەنیاهۆ لە تۆڕی (ئێکس) سوپاسی پشتیوانییە گەورەکەی ترەمپی کرد و نووسیویەتی: "پێکەوە ئەرکەکە تەواو دەکەین." نەتەنیاهۆ لە زاری ترەمپەوە ئاماژەی بەوەش کردووە کە هەردوولا کاری ناوازەیان ئەنجام داوە و دەڵێت: "ئێران و بەرەی ئێرانمان تێکشکاند و مەترسیی ڕاستەوخۆی بەرنامە ئەتۆمییەکەیمان دوورخستەوە."

154 جار خوێندراوەتەوە