حسێن هونەین،
شارەزای ئابووری ئاشکرای دەکات، کورتهێنانی کەڵەکەبووی بودجەی عێراق تا کۆتایی
مانگی تەممووزی 2026 گەیشتووەتە نزیکەی 29.17 ترلیۆن دینار و پێشبینی دەکرێت تا
کۆتایی ئەمساڵ بگاتە 50 ترلیۆن دینار؛ لە باشترین دۆخیشدا عێراق دەتوانێت تا 13.5
ملیار دۆلار قەرز لە سندووقی دراوی نێودەوڵەتی وەربگرێت، بەڵام بە مەرجی
کەمکردنەوەی خەرجییەکان و سنووردارکردنی دامەزراندنی حکومی.
بەپێی
ئامارەکانی وەزارەتی دارایی عێراق کە ئەو شارەزا ئابوورییە خستوویەتییە ڕوو، تا
کۆتایی تەممووزی 2026 کۆی داهات 39.10 ترلیۆن دینار و خەرجییەکانیش 68.26 ترلیۆن
دینار بووە. ئەگەر کورتهێنان بەم خێراییە بەردەوام بێت، تا کۆتایی ساڵ دەگاتە 32.9
ملیار دۆلار (بە نرخی 1520 دینار بۆ هەر دۆلارێک) کە دەکاتە 12.5٪ی کۆی بەرهەمی
ناوخۆیی؛ لەکاتێکدا بەپێی ماددەی 6/چوارەم لە یاسای کارگێڕیی دارایی فیدراڵی ژمارە
6ی ساڵی 2019، نابێت کورتهێنان لە 3٪ (7.92 ملیار دۆلار)ی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی کە
ئێستا 264 ملیار دۆلارە تێپەڕێت.
لەبارەی توانای
قەرزکردنی عێراقەوە، حسێن هونەین ڕوونی کردووەتەوە کە عێراق لە ساڵی 1945ەوە
ئەندامی دامەزرێنەری سندووقی دراوی نێودەوڵەتییە و پشکەکەی 0.35٪ـە (1.664 ملیار
یەکەی مافی ڕاکێشانی تایبەت). عێراق دەتوانێت ئێستا 5 بۆ 10 ملیار دۆلار قەرز
بکات؛ ئەگەر ئامرازی پاڵپشتیی خێرا (RFI) بەکاربهێنێت، ساڵانە 1.13 ملیار
دۆلار و بە شێوەی کەڵەکەبوو 2.26 ملیار دۆلاری پێدەدرێت، بەڵام لە ڕێگەی هەژماری
سەرچاوە گشتییەکانەوە دەتوانێت ساڵانە 4.51 ملیار دۆلار و بە شێوەی کەڵەکەبووش تا 13.54
ملیار دۆلار وەربگرێت، هاوشێوەی ساڵی 2016 کە سندووقەکە ڕەزامەندیی لەسەر 5.4
ملیار دۆلار دا و عێراق تەنها 2.1 ملیار دۆلاری لێ ڕاکێشا.
ئەو شارەزا
ئابوورییە جەخت دەکاتەوە کە سندووقی دراوی نێودەوڵەتی تەواوی کورتهێنانی بودجەی
عێراق پڕناکاتەوە و لە بەرامبەر کەمیی سوودی قەرزەکانیدا، مەرجی چاکسازیی ئابووری
دەسەپێنێت؛ لەوانە ڕێکخستنەوەی خەرجییەکان، زیادکردنی داهاتی نانەوتی،
سەقامگیرکردنی قەرزی گشتی و ڕێگریکردن لە دامەزراندنی فراوانی حکومی، بۆیە
وەرگرتنی زۆرترین بڕە قەرز بە کەمترین مەرجی قورس دەکەوێتە سەر لێهاتوویی
دانوستانکاری عێراقی.
133 جار خوێندراوەتەوە