کلاسیکۆ، چاوەکان دەباتە کامپ نو

KNN : Kurdish News Network
12:39 - 24/10/2021
وەرزش
+
-

ئەمڕۆ هەوادارانی تۆپی پێ لە چاوەڕوانی گرنگترین روداوی تۆپی پێدا دەبن، کاتێک لەیاریی کلاسیکۆ یانەی بەرشەلۆنە میوانداری ریال مەدرید دەکات.

کاتژمێر 5:15 خولەکى ئێوارە، لەیاریگای کامپ نو بەرشەلۆنە میوانداری ریال مەدرید دەکات، لەکاتێکدا ریال مەدرید گەشتی بەرشەلۆنە دەکات کە یانەکەی شاری مەدرید بەکۆکردنەوەی 17 خاڵ لە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولی ئیسپانیادا دێت.

یانەی بەرشەلۆنە لەم وەرزەدا ئەنجامەکانی وەك پێویست نین و یانەکە لە پلەی هەشتەمی ریزبەندی خولی یانەکانی ئیسپانیا دێت بە کۆکردنەوەی 15 خاڵ.

کلاسیکۆی ئەمڕۆی نێوان بەرشەلۆنە و ریال مەدرید دەبێتە یاریی ژمارە 247ی نێوان هەردوو یانەکە، ریال مەدرید لە 98 یاریدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە لە بەرامبەریشدا بەرشەلۆنە 96 بردنەوەی هەیە، 52 یاریی نێوانیشیان بە یەکسان بوون کۆتایی هاتووە.

لەکاتێکدا کلاسیکۆی ئەمڕۆی ناو یاریگای کامپ نو دەبێتە یاریی ژمارە 91ی نێوان هەردوو یانەكە لە نێو یاریگای بەرشەلۆنەدا، لەو ژمارەیەش بەرشەلۆنە 50 یاری بردنەوەی بەسەر ریال مەدرید بەدەست هێناوە و مەدریدش لە 21 یاریدا براوە بووە و 20 یاری نێوانیشیان بەیەکسان بوون کۆتایی هاتووە.

کلاسیکۆی ئێوارەی ئەمڕۆ ژمارەیەکی تر تۆماردەکات بەوەی بۆ یەکەم جارە راهێنەری ریال مەدرید کارلۆ ئەنچیلۆتی رووبەڕوی رۆنالد کومانی هۆڵەندی و راهێنەری ئێستای بەرشەلۆنە دەبێتەوە لە یاریی دوو جەمسەرەکەی ئیسپانیا، بەڵام لە پێشتر ئەو دوو راهێنەرە 4 جار روبەروی یەکتری بوونەتەوە کاتێک کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری ئەی سی میلان و رۆنالد کومان راهێنەری ئەیاکس ئەمستردارم بوون، ئەنچیلۆتی توانیویەتی 3 یاری براوە بێت و یارییەكیش یەكسانبون.

ئامادەنەبوونی لیۆنێل میسی و سێرجۆ ڕامۆس لەم کلاسیکۆیە لەدوای 15 ساڵ یاری کردنی ئەو دوو یاریزانە دێت لەیاریەکانی نێوان بەرشەلۆنە و ریال مەدرید کە لە ئێستادا هەردوو یاریزانەکە لەیانەی پاریس سان جێرمانی فەرەنسی درێژە بە یاریکردن دەدەن.

کلاسیکۆى ئەمجارە، تێپەڕاندنى مێژویەکە لە یاریزانى گەورە و بەئەزمون، بەڵام سەرەتاى دەرکەوتنى رکابەرى نوێیە لە نێوان ئەنسۆ فاتێ و ڤینیسیۆس جۆنیۆر کە لە ئێستادا سەرکردایەتى یانەکانیان دەکەن و ژمارەیەکى مەترسیدارن بۆ رکابەرەکانیان.

612 جار خوێندراوەتەوە