پەرلەمانی عێراق هەوڵێک بۆ زیادکردنی پلەی وەزیفی لە بودجەی 2027دا دەخاتەگەڕ

KNN : Kurdish News Network
11:41 - 31/10/2026
عێراق
+
-

لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، پشتیوانیی خۆی بۆ بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست، خاوەن کرێی ڕۆژانە و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان ڕاگەیاند. هاوکات ئاشکرای دەکات، هەوڵدەدەن لە پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027دا پلەی وەزیفیی نوێ زیاد بکەن.

 

غوفران شەمەری، ئەندامی لیژنەی دارایی ڕایگەیاندووە؛ تا ئێستا وردەکارییەکانی تایبەت بە تەرخانکراوی دارایی و ژمارەی ئەو کەسانەی بڕیارە بکرێنە هەمیشەیی نەگەیشتووەتە پەرلەمان. ئاماژەی بەوەش کردووە، سەرەتا باس لە 100 هەزار کەس دەکرا و دواتر سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە 120 هەزار کەس کرد، بەڵام تا پرۆژەیاساکە نەگاتە دەستیان ناتوانن ئامارێکی دروست بخەنەڕوو.

 

لیژنەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە دابینکردنی هەلی کار مافێکی سەرەتایی گەنجانە، بەتایبەت دەرچووانی ساڵانی پێشوو و هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا.  هاوکات پشتیوانیی تەواوی خۆیان بۆ دامەزراندن دووپات دەکەنەوە و ئەگەر تەرخانکراوی دارایی لە بودجەدا ڕێگە بدات، هەوڵی زیادکردنی ئەو ژمارەیە دەدەن کە حکومەت دیاریی کردووە.

86 جار خوێندراوەتەوە