دوای گرژییەکانی یاریی کۆتایی مۆندیال؛ فیفا سزای قورس بەسەر ژمارەیەک یاریزانی ئەرجەنتین و ئیسپانیادا دەسەپێنێت

KNN : Kurdish News Network
06:52 - 21/08/2026
وەرزش
+
-

یەکێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (فیفا)، ئەمڕۆ هەینی، سزای قورسی بەسەر ژمارەیەک یاریزانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتیندا سەپاند، ئەمەش دوای تێپەڕبوونی مانگێک بەسەر ئەو شەڕ و گرژییانەی لەدوای یاریی کۆتایی مۆندیال لەنێوان ئەرجەنتین و ئیسپانیا دروستبوون

 

بەپێی بڕیارەکانی لیژنەی تەمبێکردنی سەربە فیفا، لیاندرۆ پاریدێس بە ڕاگرتنی بۆ 10 یاری سزادراوە، چونکە لە خولەکەکانی کۆتایی یارییەکەدا توندوتیژترین یاریزان بووە. هاوکات ناهوێل مۆلینا بۆ حەوت یاری ڕاگیراوە بەهۆی ئەوەی بەبێ پاساو هێرشیکردووەتە سەر رۆدری، هەروەها، ئالمادا بۆ یەک یاری ڕاگیراوە بەهۆی گرتنی گاڤی لەوکاتەی کە لەلایەن پاریدێسەوە لێیدراوە، لەگەڵ سزادانی ئایالا بە ڕاگرتنی بۆ سێ یاری بەهۆی لێدانی دانی ئۆلمۆ

 

لە بەرامبەریشدا، گاڤی تاکە یاریزانی ئیسپانییە کە سزای ڕاگرتنی بۆ یەک یاری بەسەردا سەپێنراوە، ئەویش بەهۆی پاڵنانی ئێرێک گارسیا کە ئەویش لەلایەن پاریدێسەوە هێرشی کرابووە سەر

 

هەر لە چوارچێوەی بڕیارەکاندا، لیژنەکە سزای بەسەر چوار ئەندامی شاندی هەڵبژاردەی ئەرجەنتیندا سەپاندووە لەگەڵ پێژاردەی دارایی قورس. بڕی پێژاردەی دارایی هەر یەک لە پاریدێس و مۆلینا گەیشتووەتە 77 هەزار یۆرۆ، لەکاتێکدا پێژاردەی ئالمادا، ئایالای ئەندامی دەستەی هونەری، هەروەها یاریزانەکەی بەرشەلۆنە (گاڤی) بریتییە لە 25 هەزار یۆرۆ بۆ هەر یەکێکیان

 

بەهۆی ئەم سزایانەوە، گاڤی ناتوانێت لە یارییەکەی رۆژی 26ـی ئەیلولی داهاتوو بەرامبەر ئینگلتەرا لە یاریگای وێمبڵی، لە چوارچێوەی خولی نەتەوەکانی ئەوروپا بەشداری بکات. هەروەها بەپێی ماددەی 69 لە بڕگەکانی 2 و 3ـی یاسای تەمبێکردن، سزاکانی ڕاگرتن بۆ یارییەکانی داهاتووی هەڵبژاردەکان دەگوازرێنەوە، بەوەش یاریزانە سزادراوەکانی ئەرجەنتین ناتوانن پەیوەندی بە هەڵبژاردەکەیانەوە بکەن لەو یارییانەی کە سزاکە دەیانگرێتەوە

 

 

201 جار خوێندراوەتەوە