وەزارەتی بەرگری تورکیا
بڵاویکردووەتەوە، سوپای تورکیا و هێزە مللیەکانی سوریا، دوو گوندیان لە ناوچەکانی
رەسولیان و تەل ئەبیەز لە سنوری شاری گرێسپی کۆنترۆڵکردووە، بەڵام وەزارەتی بەرگری سوریا و هێزە
کوردییەکان ئەو هەواڵە رەتدەکەنەوە.
وەزارەتی بەرگری تورکیا
رایگەیاند، هەردوو گوندی تاباتین و تەل موشرەفیان لە سنوری رەسوڵیان و
تەلئەبیەز لە سنوری شاری گرێسپی کۆنتڕۆڵکردووە و هێرشەکە لە چوارقۆڵەوەکراوە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا راشیگەیاندووە ''ئۆپەراسیۆنی
کانی ئاشتی، بەدرێژایی شەو لە وشکانی و ئاسمانەوە بەسەرکەوتوویی بەردەوام بوو. ئەو
ئامانجانەی دیاری کرابوون کۆنتڕۆڵکران".
لەبەرامبەردا هێزەکانی سوریای دیموکرات
رایگەیاند، سەرجەم هێرشەکانی سوپای تورکیا لە ناوچەی سەرێکانی تێكشکێنراون و لە
دوێنێوە چوار تانکی تورکیا و پێنج سەربازی ئەو وڵاتەیان کوشتووە و تورکیا هیچ
پێشڕەوییەکی نەکردووە.
هاوکات وەزارەتی بەرگری سوریا رایگەیاند،
دەنگۆی پێشڕەوەی و کۆنترۆڵکردنی چەند ناوچەیەک لەلایەن تورکیاوە دوورە لە
راستییەوە و پێشڕەوییان نەکردووە.
لەلایەکی دیکەوە میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردووەتەوە،
لە بەیانی ئەمڕۆوە تورکیا سەرجەم بەربەرستە کۆنکرێتییەکانی نێوان رۆژئاوا و باکوری
کوردستان داینابوون لابردووە و لە هەردوو ناوچەی سەرێکانیێ و گرێسپی و ئامادەکاری
بۆ هێرشی زەمینی دەکرێت.
هاوکات ناوەندی
ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەسەدە دەڵێت "لەئەنجامی هێرش و تۆپبارانەکانی تورکیا بۆسەر
باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا لە یەکەم رۆژی هێرشەکەدا ٣ شەڕڤانی هەسەدە و پێنج هاوڵاتی
سڤیل شەهیدبوون".
ئەمەش لەکاتێکدایە، ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، هێرشی تورکیا بۆسەر خاکی ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن سەرۆککۆماری تورکیاوە ڕاگەیەندرا و سەرەتا بە بۆردوومانکردنی چەند ناوچەیەک دەستیپێکرد، دواتر وهزارهتی بهرگریی توركیا ڕایگەیاند، لەگەڵ چەکدارانی هاوکاری سوری ئۆپراسیۆنی زەمینیان دەستپێکردووە و دەچنە ناو خاکی سوریاوە.
4800 جار خوێندراوەتەوە