ململانێ پێوستە سەرەتایەک
بێت بۆ سپاردنی لەمپەڕەکان بێت بە پلانی مەحکەم و گونجاو و جێبەجێکراو لەپێناو کۆمەڵگە
و هاوڵاتی نەک بەجێهێشتنی بۆ کات، هەروەها ڕێگای مامەڵەکردن لەگەڵ ململانێ و ناکۆکی
و دۆخی بارگاوی بە گیانی بەریەککەوتن لە نێوان ئەندامی هەر دامەزراوەیەکی ئیداری و
کارگێڕی و چاودێری و بەڕێوەبردن لە دو تای تەرازوی پاساندان خۆی دەبینێتەوە:
یەکەم/ دەکرێت ببێتە هەوێنی
سەرکەوتن
دوەم/ دەکرێت ببێتە هەوێنی
داڕمان
ململانێ دۆخێکی ئاساییە
لە بەڕێوەبردن، چونکە لەگەڵ بەردەوام و بەرەو پێشچون ململانێ بە سروشتی لە دایک دەبێت،
هەروەها دەبێت بە فریادڕەس کاتێک ڕاشکاوی و رونی سەرچاوەی ململانێ بێت نەک بە پێچەوانەوە
سەرکوت کردن و سەرکۆنە کردن و شێواندن و ببێتە کلتوری هەر بیرێک و بیردۆزێکی نوێ بۆ
بەرێوەبردن و ئاراستە کردن، بێ ئەوەی وێنە بکرێت بە ئەم ئاراستە و بیرۆکەیە دەبێتە
هۆکارێک بۆ قۆرخ کردنی دەسەڵاتەکان.
دروست بونی ململانێ پێوستە
لە چوارچێوەی قەزیە بێت نەک لەسەر ئاستی تاک و تاقم، چونکە قەزیە و شەخص تەواو
جودان لە یەکتر لە پێناو پاراستنی کەسایەتیەکان لە هەمو تانە و تەشەر و ڕێگری کردن
لە دروست کردنی وێنەی نێگەتیف بۆیان، ململانێى پۆزەتیف گونجاوترین ڕێگایە بۆ پێشکەش
کردنی بژاردە و پێشنیار، دورمان دەخاتەوە
لە بە نیشانە گرتنی تاک لە کاتی کێشە و پاشکشێ لە کاتی دروستبونی هەر دۆخێکی نە
خوازراو، بگرە دەبێتە چارەسەرکردنی هەر هەڵەیەکی بەرێوەبردن لە کەمترین کاتتدا و بێ
دروست بونی کاریگەری نێگەتیڤ لەسەر وێنە گەورەکە،
بێ گەڕانەوە بۆ رابردو و هەڵدانەوەى پەڕەکانی ڕابردوو، ململانێ کە لەسەر ئاستی قەزیە
بگوازرێتەوە بۆ ئاستی شەخصی؛ لە کۆتادا کاریگەری نەخوازراو دروست دەکات لەسەر کۆی
پڕۆسەکە.
دیاردە نەخوازراوەکانی
ململانێ:
- دواکەوتن لە راپەڕاندنی
کاروبارەکان
ـ دەستنیشان نەکردنی
ئامانجەکان
ـ شۆڕ نەکردنەوەی دەسەڵاتەکان
ـ بڕیار نەدان لەسەر
چارەسەرکردنی کێشەکان
ـ هەوڵدان بۆ قەتیس
کردنی دەسەڵاتەکان
ـ بەیەکداچونی دەسەڵاتەکان
ـ کاڵبونەوەی کاری دەستەجەمعی
ـ هەستیاری لە پەیوەندیەکان
لە نێوان یەکتر
ـ کارکردن لەسەر بابەتە لاوەکیەکان
ئیدارەدانی چەمکی
ململانێ لە کۆی پڕۆسەی بەرێوەبردن؛ هێندە سانا نیە، پێوستی بە خوێندنەوەی زۆر ورد
هەیە، بۆ هەند وەرگرتنی سەرجەم جومگەکان وەک (ئاڕاستەکان، دنیا بینین و پێشبینەکان
و پێشنیارەکان) بۆ دروست کردنی باڵانسی نێوانیان، لە کاتی هەڵکشانی خاڵە ناکۆکان و
دروست بونی بارگەی و بەریەک کەوتن و چەق بەستنی پڕۆسەکە لە نێوان کەسەکان و دروست
بونی هەستیاری لەسەر هەمو ئاستەکان.
هۆکارە سەرەکیەکانی
ململانێ:
ـ جیاوازی لە تەکنیکی
بەڕێوەبردن
ـ ئامانج و دنیابینی جیاواز
ـ دڵنیابون لە توانای
کەسی بەرامبەر؛ لاواز یا خود بەهێز بێت
ـ شێوازی بەرژەوەندی جیاواز
ـ قەبارەی سەرچاوەکان
وەک (دارایی و مرۆیی) و بەکارهێنایان
ـ پەستانە دەرەکی و ناخۆیەکان
لەسەر پڕۆسەی بەڕێوەبردن
ـ دروست کردنی چینایەتی
و هەستیاری نێوان تاکەکان
بە نەتیجە هەموو ئەو
ململانێیە بۆ سەرخستنە، بۆ خزمەتە، بۆ ئەنجام و ئامانج، بۆ پاراستنە و دورە لە پەرتبون
و کەرت بون، هەروەها بۆنی دڵسۆزی لێیەت و پیرۆزە و شکۆمەندە، کارکردن بۆ کۆمەڵگەی
دادگەر و شکۆی هاوڵاتی و سیستمی شەفاف و داکۆکی بێت لە لاواز پێش بە هێز، بۆ گەڕاندنەوەی
متمانەی نێوان تاکەکان، دورکەوتنەوە لە بە پاڵەوان کردن و تەخوین کردنی بێ بنەما.
1120 جار خوێندراوەتەوە