کاری سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان دابەش دەبێت بەسەر سێ قۆناغی
جیاوازدا.
١- قۆناغی یەکەم: ئۆپۆزسیۆن
٢- قۆناغی دوەم: دەسەڵات + ئۆپۆزسیۆن
٣- قۆناغی سێیەم: دەسەڵات
بزوتنەوەی گۆڕان لە سەرەتایی دامەزراندنیەوە بەراورد بە حیزب
و پارتە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان، زۆرترین ڕەخنەی لێ گیراوە و لە بەرامبەردا زۆرترین
پشتیوانی کراوە، هەروەها بزوتنەوەی گۆڕان بزوێنەری خاڵی ئاڵنگاریە لە مێژوی (30) ساڵەی
ئەزمونی سیاسی هەرێمی کوردستان، ئەویش بە زیادکردنی وشەی نەخێر بۆ فەرهەنگی سیاسی
و بەڕێوەبردن، هەر ئەمەش بوە هۆی کۆکردنەوەی کۆی دەنگە ناڕازیەکانی شەقام و بەرجەستەبونی
قوتابخانەیەکی نوێ لە مێژووی سیاسەتی باشوری کوردستان.
قۆناغی دوای نەخێر! واتە دوای تێپەڕبونی (10) ساڵ بەسەر
مومارەسەکردنی نەخێر، بزوتنەوەی گۆڕان
دوبارە دەکەوێتە بەردەم خاڵێکی نوێی ئاڵنگاری، ئەویش پێشکەشکردنی جێگرەوەی نەخێرە
کە بریتی یە لە چاکسازی.
بزوتنەوەی گۆڕان پێویستە دوبارە ڕیفۆرم لە کاری ڕێکخراوەیی
سیاسی خۆی بکات بەگۆڕینی ئاڕاستەکەی بەرەو چاکسازی، بەڵام چاکسازی بەپلان نەك
دروشم و چاکسازی بە ڕەنگ نەك بە دەنگ.
لەقۆناغی نەخێردا بزوتنەوەی گۆڕان پیشەنگ بوو لە ناساندنی
زاراوەی گەندەڵی لە فەرهەنگی سیاسی، بۆیە پێویستە لەم قۆناغەدا پلان و کرداری ڕاستەقینە
بنەمای کارکردن بێت بۆ ناساندنی زاراوەی چاکسازی لە فەرهەنگی نوێدا، چونکە بناغەی
بزوتنەوەی گۆڕان شەقامە، هەروەها سودمەندی یەکەم هاوڵاتی و شەقامە، بزوتنەوەی گۆڕان
پێویستە چاکسازی وەکو پڕۆژەیەکی فریاگوزاری سەیر بکات و داکۆکیکاری سەرسەخت بێت و
وەکو دۆخی نائاسایی مامەڵەی لەگەڵدا بکات، بۆ ڕێگریکردن لە داڕمانی کایەی کۆمەڵایەتی
و ئابوری و سیاسی.
کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم دەتوانرێت بکرێتە
سەرمەشقی چاکسازی، چونکە بەرنامەی کاری کابینەکە بریتیە لە چاکسازی، کابینەی نۆی
حکومەتی هەرێم دەکرێت بکرێتە شانۆیەك بۆ چاکسازی بۆئەوەی هاوڵاتیان و شەقام بڕیاردەر
بن، ئایا لە کادری کام لایەن و حیزب باشترین ڕۆڵ دەگێڕێت لە شانۆی چاکسازی
دا؟! وە چ تاقمێک هەوڵی پەردەپۆش کردن و
لەباربردنی کۆی پرۆژەکە دەدات؟!
کاری بزوتنەوەی گۆڕان لەم قۆناغەدا بریتیە لە پڕاکتیزەکردن
و بەرجەستەکردنی زاراوەی چاکسازی لەدروشمەوە بۆ پلانی جێبەجێکراو و سەنگین.
بزوتنەوەی گۆڕان لەڕابردو و لەئێستاشدا ئەرکی لەئەستۆگرتنی کارە قورسەکان
بوەو دەبێت، هەروەها خۆشی بە بەرپرس و پشتیوان و پەنای هاوڵاتی و شەقام دەزانێت، هەرگیز
سازش ناکرێت لەسەر قوت و ئاسایش و سەروەری هاوڵاتیان لەبەرئەوەی بزوتنەوەکە لەشەقامەوە
هاتوە ئامانجیشی هەر لە پێناو شەقامیش دەبێت.
بزوتنەوەی گۆڕان ڕاستەوخۆ پشتیوانی دەکات و چاودێری دەکات
و بەشداری کاریگەری دەبێت لەڕێگەی پێشکەشکردنی پڕۆژە و ئامادە کردنی کادری تەکنۆکرات
و بەدواداچونی بەردەوام بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی سەرشانی هاوڵاتیان لە سەرجەم سێکتەرە جیاوازەکاندا.
864 جار خوێندراوەتەوە