شەش پرسیار بۆ وەزیرى کشتوکاڵ

بەڕێز جەنابی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو

دور لە هەموو قسەیەکی تەقلیدی دەربارەی ئەو جۆرە تەماتەیە کە ئایا بۆ دۆشاو دەبێت یان نابێت، ئەوە گفتوگۆیەکی ئەکادیمی و پیشەییە دورە لە هەموو ئیجتهادێک وەکو کاری جەنابت، چونکە هەموو کارەکانت دورە لە پسپۆڕی بەڕێزتانەوە، ئاساییە بڵێی نازانم، بەڵام ئاسایی نیە ئیجتهادی تێدا بکەیت، کێشەکە تەنها تەماتە نیە، بەڵکو سەرجەم  بەرهەمەکان کێشە هەیە لە قۆناغەکانی: (چاندن، چاودێریکردن، کۆکردنەوەی بەرهەم، گواستنەوە، بە بازاڕکردن).

چەند پرسیارێکی سادە و ساکار دور قوڵبونەوە لە بوارەکەدا و شرۆڤەکردنی بنەماى زانستی و ئیداری و هونەری بە بازاڕکردن و زانستی بەرهەمهێنان و بەڕێوەبردنی ململانێ توندەکانی کشتوکاڵ:

١. کارتان کردوە بۆ وەرگرتنی زانیاری لە نێوان بەرهەم هێنان و پێداویستی ناوخۆی بەرهەمە ناخۆییەکان؟ چۆن باڵانسی نێوان بەرهەم هێنان و بەکارهێنان رادەگیرێت؟

٢. کارتان کردوە بۆ ڕێنمایی کردنی جوتیاران بۆ جۆری ئەو تۆوی بەروبومانەی جوتیار بەکاری دەهێنێت؟

٣. کارتان کردوە بۆ ئەوەی رێنمایی جوتیار بکەن بەپێی جۆری خاکەکەی بۆ چ بەروبومێک گونجاوە؟


٤. کارتان کردوە بۆ دروستی ترافیکی کشتوکاڵی، بۆ ئەوەی هەمەچەشنی لە بەرهەم هێناندا هەبێت و بەرهەمێک یان دوو توشی هەڵئاوسان و فڕێدان نەبێت؟

٥. کارتان کردوە بۆ ئەوەی کۆمپانیای نیمچە نیشتمانی لە بواری کارگەی سەماد و قڕکەر و پێچانەوە لە پاکەتنان و گواستنەوە... هتد دابمەزرێت؟

٦. کارتان کردوە بۆ ئەوەی چاودێری کوالێتی پرۆسەی بەرهەمهێنان بکەن، بۆ ئەوەی ئاسان بەرهەمە کشتوکاڵیەکان وەربگیرێت و هەناردەی وڵاتانی کەنداو و وڵاتانی دیکە بکرێ؟

1140 جار خوێندراوەتەوە