کاتی گەڕاندنەوەی ڕەوشتە بۆ بازرگانی و بازرگانەکان لەبەر خەڵک و خۆمان و خودا

پێوستە ڕەوشت بگەڕێتەوە بۆ بازرگانی و بازرگانەکان، بەڵێ کاتی هاتوە ژەهرخانە و ژەهردانەکانی شار دابخرێن و سزا بدرێن، بەڵێ کاتی هاتوە وانەکانی ڕەوشتی مرۆڤایەتی فێرى هەندێ لە کاست و خاوەنی چێشتخانە و کافێ و خواردنگاکانی شار بکرێ، چونکە چاو چنۆکی و بێ مۆڕاڵی لە گیرفان پڕ کردن و  ڕوتانەوەی ڕۆح و ژیان و ئەمانی هاوڵاتیان گەشتۆتە کەشکەلانی فەلەک، بە دڵنیای بێ ویژدانی گەشتۆتە ئاستێک لەبەرامبەر دەستکەوتنی چەند بڕە پارەیەک هیچ مانع نیە هەموان بکات بە قوربانی ئەمە لوتکەی دڕندەیە ڕۆژانە دەستە دەستە هاونیشتمانی چواردەورمان بێ تاوان بارگەی ڕۆح ئەپێچنەوە بەرەو گۆڕ لە پێناو چینێک داماڵراو لە مرۆڤایەتی.

چەند ساڵە هاوڵاتیانی هەرێم نوقماوی جۆرەها ژەهرن ژەهری راستەقینە و مەعنەوی، هاونیشتمانی گۆش دەکرێ بە جۆرەها ژەهر لە ڕێگەی خواردن و خواردنەوە و دەرمان و سوتەمەنی و پاککەرەوە و پۆشاک و چەندەها بەرهەمی جیاواز، کاتی هاتوە بپرسین، گریمان دەسەڵات کەمتەرخەم و تاوانبار و بەرپرسی یەکەم و کۆتایە لە سەرجەم پرسەکان لە دورە لە هەمو بەرپرسیاریەتی نیشتمانی و نەتەوایەتی، بەڵام ئەمەی لە سلێمانی دەبینرێ لە پێدانی خواردنی خراپ و بەسەرچو و بێ کەڵک  لەلایەن خودی خاوەن چێشخانە و کۆگاکان هیچی کەمتر نیە لە ئەنفال و کیماباران و شەڕی ناوخۆ و بۆ داڕزانی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان.

دەست خۆشی زۆر بۆ لیژنەکانی قایمقامیەتی سلێمانی بۆ دەست پێکردنی هەڵمەتی قەڵاچۆکردنی ئەم دیاردەیە بەڵام هیوادارم ئەمە دەستپێک بۆ بەردەوامی زیاتر، بۆ ئەم مەبەستە پێوستە بە دواداچونی جدی ئەبێت پێوستە ئەنجومەنی وەزیران  بێنە سەرخەت چونکە ئەمە لەمسی وەزارەتی بازرگانی و کشتوکاڵ و تەندروستی دەکات دواتر پەرلەمانی کوردستان و  پارێزگاری سلێمانی و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پێکەوە دڵسۆز بن و خۆیان نا دیدە نەگرن لەم کارەساتە چونکە هەنگاوی زۆر ماوە وەک بە دواداچون بۆ:
١. نەخۆشخانەکان گشتی و تایبەت.
٢. چارەسەری پاشماوەی گشتی و پزیشکی.
٣. قڕکەرە و سمادە کشتوکاڵیەکان.
٤. بەروبومە هاوردەکراوەکان.
٥. پاشماوە کارگەکان.
٦. کێشەی کوشتارگەکان.
٧. کێشەی کارگەکانی ئارد و سایلۆکان
چونکە، هەرێم بە پێی سەرجەم پێوەرەکانی پاراستنی مافی بەکارهێنەر ڕو لە کەوتنی حەتمیە کە دەبێتە ڕو رەشی بۆ سەرجەم دەسەڵاتە جیاوازەکان.

169 جار خوێندراوەتەوە