ئەی نیشتمانی بێ
گوێچکەم تۆ ئەتەوێت هەرچیەک بیت و هەرچۆنێک بیت هەر خۆشم بوێت؟
(شێرکۆ بێکەس)
نزیکەی شەش ساڵە بەردەوام دانیشتوانی هەرێم توشی چەندەها بەرزو نزمی و برسێتی و
نەهامەتی و قڕی بۆتەوە، لە ئەنجامی ناجێگیری لە دۆخی بودجە و موچە و ناسەقامگیری
باری دارایی ، سەرەڕای سەرجەم پڕوکانی (دارایی و سیاسی و کەلتوری و کۆمەڵایەتی)،
هاوڵاتی و هاوکوردستانیان دڵسۆزانە و بوێرانە بەردەوام بون لە بەخشین، خزمەت،
پاراستن، هیوابەخشینەوە بۆ پەک نەخستنی سەرجەم بڕگە و جومگەکانی حکومڕانی لە
ئەنجامدا بۆتە کەرت و پەرت بونی سەرجەم کایە و چینەکانەی کۆمەڵگە:
* چەندەها مناڵ
شەویان ڕۆژ کردەوە بە گریان بۆ شیر.
* چەندەها دایک بە فرمێسکی شەرم کاتیان بە ڕێ
کرد.
* چەندەها باوک کەرامەت و باوکایەتی شکا.
* چەندەها گەنج چیرۆکی خۆشەویستی و
خەونی بە تەنها هێلانەیەکی ئارام و ژیانێکی سەربەرزانەی لە گۆڕنا.
* چەندەها مناڵی
لە سۆزی باوان ئامێزی خێزانی دور خستەوە.
* چەندەها پیر و بە ساڵاچوانی ڕۆحیان
بریندار بو لە برسێتی و بێ دەرمانی و بێ نەوایدا.
بەرێزان دەسەڵاتدارانی حکومی و
ئەمنی و سەربازی سەرجەم دام و دەزگاکانی ئیدارەی سلێمانی، چەند پرسیارێکی جدی و مەوزوعیم
هەیە.
١. ئایا خۆپیشاندەران کام دام و دەزگای حکومیان سوتاند؟
٢. هەڵیان کوتایە
سەر چ مومتەلەکاتی حیزبی؟
٣. پەلاماری چ کۆمپانیا و بانکی ئەهلیان دا؟
٤. دژی چ
بەهایەکی نیشتمانی و مرۆفایەتی بوون؟
٥. بە نیازی چ جۆرە کودەتایەک دژی نیشتمان
لەسەر شەقام بون؟
٦.خۆ پیشاندەران ژمارە و دەستی چ هاوکێشەیەکی تێکدەرانەن؟ تەنها
تاوانی ئەم چینەی سەر شەقام، داوای نان و ئەمان و کەرامەت ئەکەن، داوا ئەکەن
سەربەرز بژین، داوا ئەکەن بەستەری کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی لەوە زیاتر نەپچڕێت، داوا
ئەکەن ژیان بەردەوام بێت، داوای گەورە و تەعجیزیان نیە، تەنها داوای ژیان ئەکەن،
کەسیان ململانێی کورسی دەسەڵات ناکەن، تاکە خەونیان (نان و نان ئینجا نان).
691 جار خوێندراوەتەوە