گۆڕان بەرەووەرچەرخانێکی نوێ

گۆڕان بەرەووەرچەرخانێکی نوێ

هەڵبژاردنی ڕێکخەری گشتیی، تەنیا هەنگاوێکی ئاسایی نییە لە تەمەنی ڕێکخراوەییدا، بەڵکو دەستپێکی وەرچەرخانێکی جەوهەری و سەردەمیە، نەک هەر بۆ بزووتنەوەی گۆڕان، بەڵکو بۆ تەواوی هاوکێشەی سیاسی لە باشووری کوردستاندا.

دوای کۆچی دوایی ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا، بزووتنەوەی گۆڕان رووبەڕووی کۆمەڵێک ئاڵنگاری و کەندوکۆسپی ناوخۆیی بووەوە، کە تا دەهات زەقتر و قووڵتر دەبوونەوە، بە جۆرێک لە ساڵی ٢٠٢٤ بەدواوە بزووتنەوەکەی خستە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەخت و بەربەستگەلێک کە کاریگەریی ناخۆشیان لەسەر ئامادەیی و جووڵەی سیاسیی دروست کرد.

 ئەم دۆخە لە کاتێکدا بوو کە جەماوەری کوردستان بەدەست قەیرانە کەڵەکەبووەکانی حوکمڕانییەوە دەناڵانێ و پارتە دەسەڵاتدارەکان لە جیاتی بەدەنگەوەهاتنی داخوازییە ڕەواکانی خەڵک، زیاتر بەرژەوەندییە تەسکە سیاسی و بنەماڵەیییەکانیان دەپارێزن. لە ناو ئەم بۆشاییە نیشتمانییەدا، پێویستییەکی مێژووییی هەبوو کە گۆڕان بگەڕێتەوە سەر پێیەکانی خۆی، تا بەوردی و بەرپرسیاریەتییەوە ئەرکە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان لە ئەستۆ بگرێت.

ئەوەی جێگەی ئومێد و خۆشحاڵی کۆمەڵگەیە، دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی خۆڕێکخستنەوە و تۆکمەکردنەوەی ریزەکانی بزووتنەوەکەیە. هاوکات گۆڕان توانى بەسەر ئاڵنگارییە یاسایی و سیاسییەکاندا زاڵ بێت و ڕێچکەی ڕاستەقینەی خۆی بدۆزێتەوە، کە لوتکەی ئەم پڕۆسەیە بریتی بوو لە هەڵبژاردنی بەڕێز (دانا ئەحمەد مەجید) وەک ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، ئەمە هەنگاوێک بوو، کە شەرعیەت و بڕستێکی نوێی بە خەباتی سیاسیی بزووتنەوەکە بەخشییەوە.
لەم قۆناغە نوێیەدا، چاوەکان لەسەر دانایی، ئەزموون و کارامەییی دیپلۆماسیی کاک دانا و تیمە هاوکارەکەیەتی، بۆ ئەوەی ببنە چەترێک بۆ کۆکردنەوەی تەواوی ئەو دەنگ و ئیرادە ڕاستەقینانەی بڕوایان بە چاکسازیی ڕیشەیی، ڕیفۆرمی ئابووری و سەروەریی یاسا هەیە. گەڕانەوەی ئومێد بۆ گەلێکی ماندوو لە ڕێگەی ڕاگەیاندنی ئاشتەواییەکی گشتی و بونیادنانی گوتارێکی سەردەمییانەوە، تا بزووتنەوەی گۆڕان جارێکی تر بێتەوە بە ماڵی گەورەی دەنگە ئازادەکان و هیوای گەلێک کە شایستەی ژیانێکی شەرەفمەندانە و دادپەروەرانەیە.

ئامانج هەرتەلی 
٥ی ئەیلولی ٢٠٢٦

131 جار خوێندراوەتەوە