بۆچی بیركردنەوەی ڕەخنەیی؟

بۆچی بیركردنەوەی ڕەخنەیی؟

 

نووسینی: ئومێد حەسەن

 

بیركردنەوەی ڕەخنەیی بریتییە لە پرۆسەی شیكردنەوە و لێكدانەوەی هەوال و زانیارییەكان. مرۆڤی خاوەن بیركردنەوەی ڕەخنەیی هەوال و زانیارییەكان وەك ڕاستی وەرناگرێت. سەرەتا دەیانخانە ژێر پرسیار و گومانەوە، بە دوای بەلگە و سەرچاوەیاندا دەگەڕێت، بە شێوەیەكی بێلایەنانە هەلسەنگاندنیان بۆ دەكات. بەلام نەك بەمەبەستی ڕەتكردنەوەیان، بەلكوو بە ئامانجی دلنیابوون لە ڕاستیی و دروستییان. لە ڕوانگەی بیركردنەوەی ڕەخنەییەوە هیچ هەوال و زانیارییەك ڕاست، یان هەلە نییە، هەتا بە پڕۆسەی (گومان، پرسیار، شیکردنەوە و هەڵسەنگاندن)دا، تێنەپەڕێت 

 

تەنها بەهۆی بیركردنەوەی ڕەخنەییەوە، دەتوانین لە دروستیی زانیارییەكان دلنیابین و هەواڵی ڕاست لە هی ساختە جیا بكەینەوە. بەهۆی بیركردنەوەی ڕەخنەیییەوە دەتوانین (لەسەر بنەمای عەقل و لۆژیك، نەك هەست و سۆز) بڕیار بدەین. ئەوە بیركردنەوەی ڕەخنەیییە ئاسۆی بیركردنەوە و پەنجەرەی ڕوانینمان فراوان دەكات و وامان لێ دەكات بەئاسانی چەواشە نەكرێین، ئەوە بیركردنەوەی ڕەخنەیییە یارمەتیمان دەدات هۆشمەندانە مامەلە لەگەل كێشەكانماندا بكەین. ئازادی بەرهەمی بیركردنەوەی ڕەخنەیییە و مرۆڤی رەخنەگر، مرۆڤێكە ئازاد. خاوەن بڕیاری خۆیەتی و نابێتە شوێنكەوتەی هزری كەسانی تر و ئەجێندای ئەوانی تر جێبەجێ ناكات!

 

پۆپۆلیزم و تیرۆری هزریی لە ژینگەیەكدا گەشەدەكەن، نامۆ بە بیركردنەوەی رەخنەگرانە. گوێرایەلیی كوێرانە، زادەی بیركردنەوەی ئاسایییە، نەك هی ڕەخنەیی. ئەوی خاوەن بیركردنەوەی رەخنەگرانە بێت، نە دوای پڕوپاگەندە دەكەوێت، نە دەبێتە كۆیلەی بیروباوەڕەكان و نە قاچیشی دەبیت بە تەلەی ئایدۆلۆجیاكانەوە. بیركردنەوەی ڕەخنەیی، كە پشت بە لۆجیك دەبەستێت، تەنها بریتی نییە لە دادگاییكردنی بیروڕاو زانیارییەكانی ئەوانی تر، بەلكوو خستنە ژێر پرسیاری تێگەیشتن و زانیارییەكانی خۆشمانە. وەلاتانی خاوەن سیستەمی پێشكەوتووی پەروەردە، دەمێكە بیركردنەوەی ڕەخنەیییان وەكوو وانەیەك خستووەتە نێو پڕۆگرامەكانی خوێندنەوە.

 

 ئێمە لە سەردەمی ژیریی دەستكرد و دونیای دیگیتالیدا دەژین. ڕۆژانە بەبێ ئەوەی بەدوایاندا بگەڕێین، بە لێشاو هەوال و زانیاریی دێنە بەردەممان. چیتر كێشەی مرۆڤ، نەبوونی زانیاری نییە، ئاخر هەمووان دەتوانن زانیاریی بەدەست بهێنن، وەلێ تەنها ئەوانەی خاوەن بیری رەخنەیین، دەتوانن ڕا لە ڕاستی و ڕاستی لە درۆ و زانست لە وەهم و خوڕافە، جیا بكەنەوە. بۆیە لەم سەردەمی جیهانگیری و شۆڕشی زانیارییەدا ڕاهێنانی تاك لەسەر بیركردنەوەی ڕەخنەیی، هێندەی نان و ئاو پێویستە.

67 جار خوێندراوەتەوە