کەشناسیی هەرێم: ئەمشەو نمەباران چەند ناوچەیەک دەگرێتەوە و سبەینێ پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە

KNN : Kurdish News Network
11:41 - 22/11/2026
کوردستان
+
-

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی هەرێمی کوردستان پێشبینیی کردووە ئەمشەو نزمەپاڵەپەستۆیەکی لاواز ڕوو لە ناوچە سنووری و شاخاوییە بەرزەکان بکات و نمەبارانی پچڕپچڕ ببارێت، هاوکات سبەینێ دووشەممە پلەکانی گەرما کەمێک بەرز دەبنەوە.

 

بەپێی ڕاپۆرتی کەشناسی بۆ ئەمڕۆ یەکشەممە (22ی تشرینی دووەمی 2026)، ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت و لە دوای نیوەڕۆوە بۆ نیمچەهەور دەگۆڕێت. کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆ لاوازەکە تا درەنگانی شەو ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای دهۆک، ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەگرێتەوە و بەرەبەیانی سبەینێ کۆتایی دێت.

 

ئەمڕۆ خێرایی با لەسەرخۆ دەبێت و بە خێرایی 5 تا 10 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بە ئاراستەی باکووری ڕۆژهەڵات هەڵدەکات و مەودای بینینیش لە نێوان 8 تا 10 کیلۆمەتردا دەبێت. پلەکانی گەرما نزیک دەبنەوە لە دوێنێ؛ بە شێوەیەک لە گەرمیان 25 پلە، هەولێر، هەڵەبجە، چەمچەماڵ و زاخۆ 23 پلە، دهۆک و ئاکرێ 22 پلە، سلێمانی 21 پلە، پیرمام 20 پلە و حاجی ئۆمەران 15 پلەی سیلیزی دەبێت.

 

سەبارەت بە کەشوهەوای سبەینێ دووشەممە (23ی تشرینی دووەمی 2026)، کەشناسی پێشبینیی کردووە ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور بێت و هەندێک کات بۆ نیمچەهەور بگۆڕێت، بە هەمان خێرایی با (5 تا 10 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا) و مەودای بینینی (8 تا 10 کیلۆمەتر).

 

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەینێ کەمێک بەرز دەبنەوە؛ لە گەرمیان دەگاتە 26 پلە، هەولێر، هەڵەبجە، چەمچەماڵ و ئاکرێ 24 پلە، دهۆک و زاخۆ 23 پلە، سلێمانی 22 پلە، پیرمام 21 پلە و حاجی ئۆمەران 15 پلەی سیلیزی دەبێت. کەشناسی ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا لە وێستگەکانی سنووری پارێزگای دهۆک، لە هەریەک لە دێرەلووک و بامەڕنێ بڕی 2 ملیمەتر باران باریوە.

49 جار خوێندراوەتەوە